دوای گرژییەکانی لەگەڵ ترەمپ؛ ئیلۆن مەسک بیرۆکەی دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی هەیە
دوای دروستبوونی گرژییەکانی نێوان ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین کەسی جیهان و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا؛ سەرمایەدارەکە نیازی خۆی بۆ دامەزراندنی پارتێکی سیاسی پیشاندا.

پێنجشەممەی رابردوو، گرژییەکانی نێوان ئیلۆن مەسک، بەرپرسی پێشووی فەرمانگەی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تەقینەوە، ئەوەش لە رێگەی پۆستکردنی چەند نووسینێک دژی یەکدی لە ئێکس و تروس سۆشیاڵ. مەسک هەمان رۆژ لە ئێکس راپرسییەکی دانا و نووسی، "پێتان وایە کاتی دامەزراندنی پارتێکی سیاسی بێت لە ئەمریکا، کە بە راستی نوێنەرایەتی 80%ی چینی نێوەڕاست بکات؟"
مەسک لەو تۆڕە 220 ملیۆن فۆڵۆوەرزی هەیە و رۆژێک دواتر نووسی، 80%ی دەنگدەران پاڵپشتی بیرۆکەکەیان کرد. دواتر مەسک پێشنیازی ناوی "پارتی ئەمریکا"ی بۆ پارتەکەی کرد. ئەمە نزیکە لە "ئەمریکا پاک،" کە لیژنەیەکی کاری سیاسی بوو و پار لەلایەن مەسکەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ترەمپ و بەربژێرە کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی کۆنگرێس دامەزرا.
هێشتا مەسک بڕیاری کۆتایی بۆ جێهێشتنی پارتی کۆماریی ئەمریکا نەداوە.
رۆژی هەینییش لە وەڵامی کەسێک کە بۆی نووسیبو، بۆ سەرکەوتن باشترین کار بیکات ئەوەیە کە سەرنجی لەسەر پارتی کۆماری بێت، مەسکیش بە "ئۆکەی" وەڵامی دایەوە. مانگی رابردوو، مەسک پلانی خۆی بۆ کەمکردنەوەی وەبەرهێنان لە کاری سیاسی راگەیاند، بەڵام نەیگوت کۆتایی پێدەهێنێت. دوای نزیکەی هەفتەیەک لە کۆتاییهاتنی کارەکەی مەسک لە ئیدارەی ترەمپ، پێنجشەممەی رابردوو ناکۆکیی نێوان هەردوولا تەقییەوە.
ئەوکات سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی گوتی، "ئیلۆن و من پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەبوو، بەڵام نازانم ئەگەر چیدیکە ئەو پەیوەندییە بمێنێتەوە یان نا. لە ئیلۆن زۆر بێ هیوا بووم؛ زۆر هاوکاریی ئیلۆنم کرد."
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، هۆکارێکی ناکۆکییەکە بۆ پرۆژەیاسایەکی ترەمپ تایبەت بە بودجەی وڵاتەکە دەگەڕێتەوە کە مەسک پێیوایە قەرزی گشتیی ئەمریکا زیاتر دەکات و وڵات مایەپووچ دەکات. مەسک دژی پرۆژەکە بوو و ترەمپیش مەسکی پشتگوێ خست.
هەروەها، پلانی ترەمپ بە هەڵوەشانەوەی بەخشینی باج لەسەر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، مەسکی تووڕە کرد، کە خاوەن زۆرینەی پشکی ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێسلایە. دواتر مەسک، ترەمپی بە "سپڵە" ناوبرد.
لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترەمپدا مەسک بە سەرووی 250 ملیۆن دۆلار هاوکاریی بانگەشەکانی کرد. مەسک دەڵێت، ئەگەر ئەو نەبوایە ترەمپ هەڵبژاردنی نەدەبردەوە.
سەرچاوە: ڕووداو