بەهۆی زۆریی گەشتیارەوە قەرەباڵخی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دروستبووە

ئەمڕۆ کە دووەم رۆژی جەژنی قوربانە، لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران قەرەباڵخییەکی زۆر دروستبووە. گوتەبێژی دەروازەکە دەڵێت، رێکارەکانی هاتن و چوون بێ کێشە بەڕێوەدەچن و گەشتیار زۆرن.

حوزەیری 7, 2025 - 13:39
بەهۆی زۆریی گەشتیارەوە قەرەباڵخی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دروستبووە

سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "قەرەباڵخییەکی زۆر دروستبووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر دەیانەوێت گەشتی ئێران بکەن."

گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران گوتی، لە دیوی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە گەشتیار بەرەو هەرێمی کوردستان دێن، بەڵام چوونی هاونیشتمانییان زیاترە و بووەتە هۆکاری دروستبوونی قەرەباڵخی.

ناوبەناو بەهۆی راوەستانی سیستمەوە قەرەباڵخی لە دەروازەکان دروست دەبێت، بەڵام سیروان حوسێن دەڵێت، "ئەمڕۆ سیستم نەوەستاوە و ئەوەی هەیە زۆریی گەشتیارە، ئەگەرنا کاروبارەکان بێ کێشە بەڕێوەدەچن."

لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، سێ دەروازەی فەرمی و نێودەوڵەتی هەن؛ پەروێزخان و باشماخ لە پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە هەر سێ دەروازە نێودەوڵەتییەکەوە، ئەمڕۆ هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی بەشێوەی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.

 سیروان حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی رێکارەکان، هاونیشتمانییان دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت بکەن و بچنە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

سەرچاوە: ڕووداو