کشتوکاڵی دهۆک: پێشبینیی نزیکەی 60 هەزار تۆن بەرهەمی ترێ دەکەین

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک دەڵێ، 20 هەزار دۆنم زەوییان بە مێو چاندووە و لە بەبازاڕکردن و بەکارهێنانی پیشەسازیی ترێشدا هەنگاوی بەرچاویان ناوە.

تشرینی یەکە 27, 2025 - 13:59
کشتوکاڵی دهۆک: پێشبینیی نزیکەی 60 هەزار تۆن بەرهەمی ترێ دەکەین
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک رایگەیاند: "لە دهۆک نزیکەی 20 هەزار دۆنم زەوی بە مێو چێندراوە و 3 هەزار باخەوان و خاوەن رەز خەریکی بەرهەمهێنانی ترێن."
 
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، پێشبینی دەکرێ ئەمساڵ ترێی دهۆک بگاتە نزیکەی 60 هەزار تۆن، لەکاتێکدا زیاتر لە 105 جۆر ترێ لە پارێزگاکەدا بەرهەم دەهێندرێن. 
 
هەروەها ئاماژەی بەوەدا "ئەگەر کەشوهەوا لەباربێت، بەرهەم دەکرێ بگاتە 90 بۆ 100 هەزار تۆنیش."
 
پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمی هەیە لە بەرهەمهێنانی ترێ. بەڵام بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگاکە ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم ساڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا تا رادەیەک لەسەر ترێ دەرکەوتووە.
 
بەبازاڕکردن و پیشەسازییکردن
 
لەبارەی هەوڵەکانی بەبازاڕکردنی ترێ، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک گوتی، سەرنجیان لەسەر بەبازاڕکردنی ترێیە، چونکە بەرهەمی دهۆک زۆر زیاترە لە پێویستیی ناوخۆی پارێزگاکە. بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش، دوو ئامانجی سەرەکییان هەیە؛ یەکەم، بەکارهێنانی ترێ لە پیشەسازی و دووەم، هەناردەکردنی بۆ دەرەوە.
 
ئەو بەرپرسە باسی لەوەشکرد کە لە بواری پیشەسازیی ترێدا سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێناوە، بەتایبەت لە رێگەی کۆمپانیایەکی نێوخۆییەوە کە بە پشتیوانیی حکومەت و کەرتی تایبەت کار دەکات. ئەم هەنگاوە وایکردووە کە ئەم ساڵ نرخی ترێ زۆر دانەبەزێت.
 
قەدەخەکردنی هاوردەکردن و رۆڵی کۆگاکان
 
بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و رێگریکردن لە دابەزینی نرخ، حکومەت بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەی ترێی دەرەوەی داوە کە لە 1ـی تەممووزەوە تا 15ـی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێ. ئەحمەد جەمیل گوتی: "پێشتر چەندین ساڵ داوای بڕیارێکی لەم شێوەیەمان دەکرد. لە عەلوەی پارێزگاش بەدواداچوونی ورد دەکەین بۆ ئەوەی ترێ بە قاچاخ و نایاسایی نەهێندرێت."
 
سەبارەت بە بازاڕکردنی ترێی دهۆک، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک ئاماژەی بەوەدا: "بازاڕی سەرەکیمان خواروو و نێوەڕاستی عێراقە و نزیکەی 12 هەزار تۆن ترێمان بۆ ئەو ناوچانە هەناردە کردووە."
 
دهۆک خاوەنی ژمارەیەکی زۆر کۆگای ساردکەرەوەیە کە رۆڵی گرنگیان هەیە لە پاراستنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان. ئەحمەد جەمیل گوتی: "لە پارێزگای دهۆک نزیکەی 126 کۆگای ساردکەرەوەمان هەن تەنیا لە کەرتی تایبەت، جگە لە 8 ساردکەرەوەی حکومی."
سەرچاوە: رووداو