چیرۆکی ماڵباتێکی جینۆسایدکراوی بارزان؛ گەنجێک بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر تۆڵەی ئەنفالکردنی باوکی و دوو براکەی دەکاتەوە

دوای ئەوەی باوک و دوو برای لە لایەن رژێمی بەعسەوە ئەنفال دەکرێن، خەسرۆ بیر لە تۆڵەکردنەوە دەکاتەوە، بۆ ئەمەش پەنا بۆ ئەو مینانە دەبات، کە رژێمی بەعس لەسەر سنوور و گوندەکانی باشووری کوردستان دەیچاندن.

تەمووزی 31, 2025 - 12:37
تەمووزی 31, 2025 - 12:59

لە تاوانی جینۆسایدکردنی بارزانییەکاندا لەلایەن دەسەڵاتی بەعسی عێراقەوە چەندین چیرۆکی تراژیدی هەن، لەوانەش چیرۆکی خەسرۆ محەممەد میرخان سەعید گەردی، کە بۆ تۆڵە کردنەوە پەنای بۆ تاکتیکێکی سەرسوڕ‌هێنەر و کاریگەر بردووە.

پێش قۆناخەکانی ئەنفال و لە 31ـی تەمموزی 1983، دەسەڵاتی ئەوکاتەی عێراق 8 هەزار بارزانی جینۆساید کرد. محەممەد میرخان سەعید گەردی، لەگەڵ دوو کوڕیدا بە ناوەکانی سووڵتان و شەوکەت لەو 8000 کەسە بوون.

 ئەسعەد کوڕی محەممەد میرخان گەردییە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای شەهیدبوونی باوک و دوو برام، بۆ تۆڵەکردنەوەی ئەوان، برایەکی دیکەم بە ناوی خوسرۆ دەستیکرد بە هەڵگرتنەوەی مین و دانانەوەی لە رێگەی سەربازانی بەعسدا".

خەسرۆ لە دایکبووی 1971ـە، ساڵی 1988 ژیانی هاوژینی پێکهێنا، کاتێک شەهید بوو باوکی کچێک بوو، کچەکەی ئێستا مامۆستایە لە زانکۆی سەلاحەدین و هاوکات قوتابی دکتۆرایە.

رژێمی عێراق لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بە هەزاران مینیان چاند، دوای شەڕی 8 ساڵەی ئێران و عێراق لە 1980 – 1988، ژمارەی مینەچێندراوەکان زیاترکران.

 ئەسعەد محەممەد میرخان گوتی: "ماوەی چەند ساڵێک خەسرۆی برام ئەو مینانەی هەڵدەگرتەوە کە چێندرابوون و دایدەنانەوە بۆ بەعس، لەوەشدا سەرکەوتووبوو چەندینجار دووژمنی کردە ئامانج".

خوسرۆ محەممەد میرخان، دوای نزیکەی شەش ساڵ لە هەڵگرتنەوەی مین بۆ تۆڵەکردنەوەی باوک و براکانی لە رژێمی بەعس، لە ساڵی 1989 لەکاتی هەڵگرتنەوەیدا مینێکی پێدا دەتەقێتەوە و گیان لەدەستدەدات.

 جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ لە کۆتایی مانگی تەمموزدا دەستیپێکرد و تاوەکو نێوەڕاستی ئابی 1983، 8 هه‌زار مێرمنداڵ، گه‌نج، پياو و پيرى بارزانى كه‌ بێسەروشوێن کران.

دوای جینۆسایدی بارزانییەکان، رژێمی ئەوکاتەی عێراق لە باشووری کوردستان هەڵمەتێکی فراوانتری جینۆسایدی کوردی دەستپێکرد، کە بە ئەنفال ناسراوە و بە لە 8 قۆناخ پێکدێت.

 لە ئەنفال و جینۆسایدکردنی گەلی کورد دا، نزیکەی 190 هەزار هاونیشتمانی کۆمەڵکوژ، بێسەروشوێن و زیندە بەچاڵکران.

ئەو رووفاتانەی لە پڕۆسەی ئەنفال و جینۆسایدکردنی کورد دا تەرمەکانیان لە بیابانەکانی عێراقەوە تاوەکو ئەمڕۆ گەڕێندراونەتەوە لەم ناوچانە بەخاکسپێردراون:

چەمچەماڵ: 1010 رووفات

بادینان: 696 رووفات (بارزانییەکان)

گەرمیان: 399 رووفات

دووکان: 256 رووفات

تۆپزاوە: 80 رووفات

سەرچاوە: ڕووداو