مامۆستایەکی ئایینی شیعە: ناکرێت مووچە بکرێتە کارتی گوشاری سیاسی

مامۆستایەکی ئایینیی شیعە لە بەغدا لەبارەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ناکرێت مووچە بکرێتە کارتی گوشاری سیاسی.

حوزەیری 7, 2025 - 13:44
مامۆستایەکی ئایینی شیعە: ناکرێت مووچە بکرێتە کارتی گوشاری سیاسی

ئەمڕۆ شەممە 7ی حوزەیرانی 2025 سەیید محەممەد حیکمەت، مامۆستای ئایینیی شیعە، کە بۆ نوێژی جەژن لە حوسێنییەی ئەبرار لە شاری بەغدا ئامادە بوو، قسەی بۆ زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد، بە تووندی رەخنەی لە بڕیاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گرت و رایگەیاند، "گەردەن ببڕن، نەوەک قوت."

 جەختیشی کردەوە کە خەڵکی ئاسایی نابێت بکرێتە قوربانیی ململانێی لایەنەکان. سەید محەممەد حیکمەت گوتی، "هاووڵاتی چ تاوانێکی هەیە، کورد بێت، عەرەب بێت، کریستیان بێت، شیعە بێت یان سوننە؟ سیاسییەکان بەرپرسن لەم کارە. ئێمە وەک ئەرکی خۆمان ئەو کارە رەتدەکەینەوە، چونکە ناکۆکیی سیاسی هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانی خەڵکەوە نییە."

ئەو مامۆستایە ئایینییە داوای کرد، پرسی مووچە بە تەواوی لە کێشە سیاسییەکان جیابکرێتەوە، رەخنەی لە بێدەنگیی پەرلەمانتاران گرت و گوتی، "پەرلەمانتاران لە کوێن؟ خەڵک ئەوانی هەڵبژاردووە بۆئەوەی خزمەتیان بکەن. کێشەی سیاسی هەیە با لە رێگەی سیاسییەوە چارەسەری بکەن، نەوەک بەم شێوەیە گوشار لەسەر خەڵک دروست بکەن."

 سەید محەممەد حیکمەت ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم شێوازە گوشارە کارێکی کۆنە و خەڵک لێی تێدەگات، "ئەو کارە روون و ئاشکرایە، پێشتریش بەکارهێندراوە کە لە رێگەی جەماوەرەوە گوشار دروست دەکرێت. ئەم کردەوەیە بە تووندی سەرکۆنە دەکەین و قبووڵی ناکەین."

رۆژی 28-05-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو، "وەزارەت ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەهۆی "تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."

 رۆژی 29-05-2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بە زمانی عەرەبی وەکو وەڵامێک بۆ تەیف سامی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتیەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی."

سەرچاوە: ڕووداو