بەهۆی نەوتی رووسیاوە ئەمریکا سەردانی شاندە بازرگانییەکەی بۆ هیندستان هەڵوەشاندەوە
ئەمریکا سەردانی شاندە بازرگانییەکەی بۆ هیندستان هەڵوەشاندەوە و دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵاتی راگرت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆکی وڵاتەکە پێناسی گومرگیی بە رێژەی 50% بەسەر بەرهەمەکانی هیندستاندا سەپاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامەی "ئیندیەن ئێکسپرێس"ی راگەیاند، دانوستانە بازرگانییەکانی نێوان هیندستان و ئەمریکا، کە دوای سەردانەکەی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان بۆ واشنتن لە مانگی شوباتدا دەستیانپێکردبوو، بۆ کاتێکی نادیار راگیراون، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا سەردانی شاندەکەی بۆ هیندستان "هەڵوەشاندەوە" کە بڕیاربوو ئەم مانگە بکرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری سەپاندنی پێناسی گومرگیی بە رێژەی 50% بەسەر بەرهەمە هیندییەکاندا راگەیاندووە، کە بەرزترین رێژەیە لەسەر ئاستی جیهاندا بەسەر هەر وڵاتێکدا سەپێندرابێت. لە کاتێکدا رێژەی 25%ـی پێناسەکان چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەرپرسانی حکومەتی هیندستان دەڵێن، سەپاندنی 25%ـەکەی دیکە پەیوەستە بە بازرگانیی نەوتی رووسیاوە.
ئەمریکا داوا لەو وڵاتە دەکات کە هاوردەی نەوتی رووسیا رابگرێت.
گرێکوێرەی سەرەکیی رێککەوتنەکە لەسەر هەڵوێستی دێرینی هیندستانە بۆ پاراستنی جووتیارەکانی لە هەر رێککەوتنێکی بازرگانیدا. لەبەرامبەردا، ئیدارەی ترەمپ کردنەوەی بازاڕەکانی بە رووی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیدا خستووەتە پێشینەی کارەکانییەوە.
لە گوتاری رۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەیدا لە رۆژی هەینی، نارێندرا مۆدی دووپاتیکردەوە کە هیندستان لەسەر حیسابی خۆشگوزەرانیی جووتیاران، ماسیگران و ئاژەڵدارانی سازش ناکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناکۆکی لەگەڵ ئەمریکا لەسەر کردنەوەی بازاڕی کشتوکاڵ و بەرهەمە شیرەمەنییەکانی هیندستان بە رووی بەرهەمە ئەمریکییەکاندا هەیە.
سەرچاوە: ڕووداو