راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە، ئەم گرووپە "بارگرانییەکی دووقات و زۆر نایەکسان"یان لەسەرشانە، چونکە لە لایەک بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن و لە لایەکی دیکەشەوە زیانمەندی سەرەکیی ئەو کارەساتانەن کە بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە روودەدەن.
بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵانە، کە لەلایەن پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP)، بە هاوبەشی لەگەڵ دەستپێشخەریی ئۆکسفۆرد بۆ هەژاری و گەشەپێدانی مرۆیی (OPHI)، بڵاوکراوەتەوە، 1.1 ملیار کەس، واتە نزیکەی 18%ی دانیشتووانی 109 وڵاتی جیهان، لە هەژاریی "فرەڕەهەندیی تووند"دا دەژین.
ئەم جۆرە هەژارییە تەنیا بە داهاتی رۆژانە ناپێورێت، بەڵکو چەندین هۆکاری دیکە لەبەرچاو دەگرێت، وەکو رێژەی مردنی منداڵانی ساوا، دەستڕاگەیشتن بە خانووی شیاو، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، کارەبا و پەروەردە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، نیوەی ئەو کەسانەی لەم دۆخەدان، منداڵ و نەوجەوانن.
هاولیانگ شو، کارگێڕی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە وەکالەت رایگەیاند، "هیچ کەس لە کاریگەرییە هەمیشە زیاتر و بەهێزترەکانی گۆڕانی کەشوهەوا وەکو وشکەساڵی، لافاو، شەپۆلەکانی گەرما و پیسبوونی هەوا پارێزراو نییە، بەڵام هەژارترینەکان لەنێوماندا رووبەڕووی سەختترین کاریگەری دەبنەوە."
توێژینەوەکە دەریدەخات کە دوو ناوچە بە شێوەیەکی تایبەت کاریگەریی قووڵی هەژاری و گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە: ناوچەکانی باشووری بیابانی گەورەی ئەفریقا و باشووری ئاسیا. ئەم ناوچانە لە هەمان کاتدا لەبەردەم مەترسییە ژینگەییەکانی وەکو گەرمای زۆر، وشکەساڵی، لافاو و پیسبوونی هەوادان.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، 608 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەدەست گەرماوە دەناڵێنن، 577 ملیۆن کەس کاریگەری پیسبوونی هەوایان لەسەرە، 465 ملیۆن کەس لافاو زیانی پێگەیاندوون و 207 ملیۆن کەسی رووبەڕووی وشکەساڵی بوونەتەوە.
راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە لەگەڵ خێراتر بوونی گەرمبوونی زەوی، پێدەچێت دۆخەکە خراپتر بێت و هەژارترین وڵاتان زۆرترین زیانیان بەربکەوێت.
سەرچاوە:ڕووداو