نرخی نەوت بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە
نرخی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە بەشێک لە زیانە گەورەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی قەرەبووکردەوە و بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە.

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە رۆژی سێشەممە، 96 سەنت بەرزبووەوە و بە 61 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 89 سەنت بەرزبووەوە و بە 58 دۆلار و 2 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دوای ئەوەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس لە سەرەتای ئەم هەفتەیە بڕیاری زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی دا، رۆژی دووشممە نرخی نەوت دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا.
دابەزینی نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوودا هێندە گەورە بووە کە ئەمڕۆ سێشەممە، بازرگانان وەک هەلی کڕین ئاستە نزمەکانی نرخی نەوتیان بە دەرفەت زانیوە و دەستیان بە کڕینی ئەو کاڵا ستراتژییە کردووە.
شرۆڤەکارانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایانگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە "بە هۆکاری تەکنیکی روویداوە و هیچ بنەمایەکی نییە،" بەوپێیەی هەڵکشانی نرخی نەوت دوای دابەزینی گەورە، بەردەوام لە بازاڕەکاندا روودەدات.
سەرچاوە: ڕووداو