رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەڵمانیا واژۆکرا؛ فرێدریک مێرتس دەبێتە راوێژکار
ئەڵمانیا دەچێتە قۆناخێکی سیاسی نوێوە، دوای چەندین هەفتە دانوستانی چڕ، رێککەوتننامەی پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی لە نێوان پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) و پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD) واژۆ کرا. بەپێی رێککەوتنەکە، فرێدریک مێرتس، سەرۆکی پارتی CDU، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە وەک راوێژکاری نوێی ئەڵمانیا سوێندی یاسایی بخوات.

ئەم حکومەتە نوێیە، کە لە پارتی پارێزگاری CDU و پارتی چەپڕەوی SPD پێکدێت، بە "هاوپەیمانی گەورە" یان "رەش-سوور" (بەپێی رەنگی پارتەکان) ناسراوە و چاوەڕوان دەکرێت سەقامگیرییەکی زیاتر بۆ وڵاتەکە بهێنێت.
فرێدریک مێرتس، کە دەبێتە راوێژکاری نوێی ئەڵمانیا، لە لێدوانێکدا گەشبینیی خۆی پێشاندا و رایگەیاند: "من زۆر دڵنیام کە ئێمە سەرکەوتوو دەبین لە سبەینێوە وڵاتەکەمان بە هێزەوە، بە پلانەوە و بە متمانەوە بەڕێوە ببەین."
کریستۆف دە فریس، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی ناوخۆ (سەر بە CDU)، تیشکی خستە سەر ئامانجە سەرەکییەکانی حکومەتی نوێ و گوتی: "ئێمە دەبێت ئەڵمانیا بگەڕێنینەوە بۆ رێڕەوی سەرکەوتنی ئابووری. ئەمە گرنگترین شتە. ئێمە بەرەو ساڵی سێیەمی ریکۆردی خراپی ئابووری دەچین. بۆیە دەبێت گەشەی ئابووری بەهێز بکەین."
دە فریس هەروەها جەختی لەسەر پرسی کۆچ کردەوە و گوتی: "ئێمە بە تووندی بەڵێنمان داوە کە کۆچی نایاسایی بۆ ئەڵمانیا رابگرین و کاری گرنگ بۆ ئەم مەبەستە بکەین."
پرسی کۆچبەری یەکێکە لە پرسە هەرە هەستیار و مشتومڕئامێزەکانی بەردەم حکومەتە نوێیەکە. بەپێی زانیارییەکان، هاوپەیمانێتییەکە لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون، لەوانە؛ کۆنترۆڵی تووندتری سنوورەکان، خێراترکردنەوەی رێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان نییە، و راگرتنی کاتیی یەکگرتنەوەی خێزان بۆ هەندێک جۆری پەنابەر.
لەلایەکی دیکەوە، شتێڤانی هوبیک، کە وەک وەزیری دادی داهاتوو لە پشکی SPD دەستنیشانکراوە، ئاماژەی بە ئاڵنگارییەکانی بەردەم دیموکراسی کرد و گوتی: "من دەزانم کە ئێمە ئێستا رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە دەبینەوە. پێموایە ئەمە شتێکی زانراوە. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە دیموکراسی زۆر لەژێر فشاردایە." هوبیک گوتیشی: "وەکو وەزیری پێشنیازکراوی داد، بێگومان بۆ من گرنگە سیستمی دادوەریمان بەهێز بکەین و دادوەرییەکی کاریگەرمان هەبێت."
هاوپەیمانیی نوێی رەش-سوور پلانیان هەیە لە ماوەی 100 رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونیاندا چەند تەوەرێکی سەرەکی جێبەجێ بکەن، لەوانە: پەسندکردنی بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2025، دەستپێکردنی چاکسازی لە سیاسەتی کۆچ و پەنابەریدا، پاڵپشتیکردنی گەشەی ئابووری لە رێگەی تەرخانکردنی نزیکەی 500 ملیار یۆرۆ بۆ بەرنامەکانی وەبەرهێنان.
سەرەڕای هەوڵەکان بۆ نیشاندانی وێنەیەکی یەکگرتوو و بەهێز، حکومەتی نوێی ئەڵمانیا لە چەندین بەرەوە رووبەڕووی ئاڵنگاریی جیدی دەبێتەوە، لەوانە؛ هەڵاوسانی بەرز، نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئاسایشی وزە، بەردەوامیی جەنگی ئۆکراینا و لێکەوتەکانی، لەگەڵ گوشاری روولەزیادی پارتی راستڕەوی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD).
سەرچاوە: ڕووداو