ئەحمەد شەرع لە یەکەم سەردانیدا بۆ ئەورووپا دەچێتە فەرەنسا

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە لە پاریس، پێشوازی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا دەکات.

ئارەی 6, 2025 - 11:12
ئەحمەد شەرع لە یەکەم سەردانیدا بۆ ئەورووپا دەچێتە فەرەنسا

ئەمە دەبێتە یەکەمین سەردانی شەرع بۆ ئەورووپا.

ئەمڕۆ سێشەممە، کۆشکی ئیلیزێ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: ماکرۆن "پشتگیریی فەرەنسا بۆ بنیادنانی سووریایەکی نوێ دووپاتدەکاتەوە، سووریایەکی ئازاد، سەقامگیر، سەروەر کە رێز لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا بگرێت". هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکە لە پابەندبوونی مێژوویی فەرەنسا بەرامبەر بە گەلی سووریا کە خوازیاری ئاشتی و دیموکراسین."

 سەرۆکایەتیی فەرەنسا هەروەها دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا، ماکرۆن جەخت لە "داواکارییەکانی بەردەم حکومەتی سووریا دەکاتەوە، کە سەرەکیترینیان بریتییە لە سەقامگیرکردنی ناوچەکە، بە لوبنانیشەوە، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".

ماکرۆن سەرەتا لە مانگی شوباتدا بانگهێشتی سەرکردەی نوێی سووریای کردبوو بۆ ئەوەی بچێتە فەرەنسا، ئەمەش دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام کە شەرع سەرکردایەتیی دەکات، لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکانی دیکەی توانییان لە کۆتایی ساڵی رابردوو بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوو بڕووخێنن.

 مانگی ئادار، ماکرۆن جارێکی دیکە شەرعی بانگهێشتکردەوە، بەڵام بە مەرجی پێکهێنانی حکومەتێکی سووریایی گشتگیر کە نوێنەرایەتیی "هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سڤیل" بکات.

 سەرۆککۆماری فەرەنسا ئەوکات دانوستاندنە سەرەتاییەکانی لەگەڵ سەرکردە نوێیەکانی دیمەشق بە "ئەرێنی" ناوبردن.

دەسەڵاتدارە نوێیە ئیسلامییەکانی سووریا، کە پێشتر بەشێک بوون لە رێکخراوی قاعیدە، بەڵێنی دەسەڵاتی فرەلایەنیان لە وڵاتە فرە ئایین و فرە نەتەوەکەدا داوە. ئەوان چەندین جار بەڵێنیان داوە کە هەموو پێکهاتە ئایینییەکان بپارێزن و لە قۆناخی راگوزەردا بەشداری بە هەموو کۆمەڵگەی سووریا بکەن، لە کاتێکدا زۆر لە وڵاتان دەڵێن پێش هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان، چاودێریی رەفتاری دەسەڵاتدارە نوێیەکان دەکەن. بەڵام پێکدادانە تایفییەکانی مانگی ئادار، کە تێیدا زیاتر لە هەزار و 700 کەس، زۆربەیان عەلەوی، لە ناوچە کەنارییەکانی رۆژئاوا کوژران، سەرکۆنەکردنێکی بەرفراوانی لێکەوتەوە.

 هەروەها پێکدادانەکانی ئەم دواییە لەگەڵ چەکدارانی دروزی، هەروەها راپۆرتی رێکخراوە ناحکومییەکان لەبارەی پێشێلکارییەکانەوە، گومانیان لەسەر توانای حکومەتە راگوزەرەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی توندڕۆیەکانی نێو ریزەکانی دروستکردووە. لەدوای رووخانی ئەسەدەوە، ئیسرائیل سەدان هێرشی کردووەتە سەر سووریا، لەنێویاندا یەکێکیان رۆژی هەینی بۆ سەر شوێنێکی نزیک لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق.

 ئیسرائیل چەندین جار رایگەیاندووە هێزەکانی ئامادەن بۆ پاراستنی پێکهاتەی دروزی و هێرشەکەی نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی مەبەست لێی ناردنی "پەیامێکی روون" بووە بۆ فەرمانڕەوا نوێیەکانی سووریا. بەڵام حکومەتی راگوزەر هێرشەکەی بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" ناوبرد، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی شەممە داوای لە ئیسرائیل کرد "دەستبەجێ" هێرشەکانی بۆ سەر سووریا رابگرێت.

سەرچاوە: ڕووداو