ئەو بڕیارە، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە راگەیێندرا، لەلایەن چاودێرانی سیاسییەوە تاوەکو رادەیەکی زۆر چاوەڕوانکراو بوو، ئەمەش بەهۆی ئەوەی شەرع لە ماوەی رابردوودا ئاستێکی بەرزی هاوئاهەنگیی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا نیشان داوە.
بڕیارەکە رۆژێک دوای ئەوە هات کە واشنتن سەرکەوتووانە سەرکردایەتیی دەنگدانێکی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد بۆ لابردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەحمەد شەرع، کە رێگەی بۆ دانپێدانانی نێودەوڵەتی خۆش کرد.
تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی زیاتری خستەڕوو و گوتی، "ئەم رێکارانە وەکو دانپێدانانێک بەو پێشکەوتنەی سەرکردایەتیی سووریا دوای رۆیشتنی بەشار ئەسەد و کۆتاییهاتنی زیاتر لە 50 ساڵ ستەمکاری لەژێر دەسەڵاتی رژێمی ئەسەدا نیشانی داوە، گیراونەتەبەر."
پیگۆت جەختیکردەوە، حکومەتەکەی شەرع پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکاوە سەلماندووە، لەوانەش دەستپێکردنی هەوڵی جیددی بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی لە سووریا بێسەروشوێنن، هەروەها کارکردن بۆ لەنێوبردنی تەواوەتیی پاشماوەی چەک و پێداویستییە کیمیاییەکان کە لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشوودا مابوونەوە.
ئەحمەد شەرع، کە پێشتر پەیوەندیی لەگەڵ رێکخراوی قاعیدەدا هەبوو، لەلایەن ئەمریکاوە وەکو "تیرۆریستی دیاریکراوی جیهانی" پۆلێنکرابوو و پێشتریش خەڵاتێکی گەورە لەسەر سەری دانرابوو بۆ دەستگیرکردنی.
بڕیارە شەرع، رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە، کە پێشتر بەڵێنی پێشکەشکردنی پاکێجێکی گەورەی یارمەتیی مرۆیی و ئابووریی بۆ "سووریای نوێ" داوە. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل کە هاوپەیمانێکی ستراتیژیی ئەمریکایە،سەرەتا بە تووندی دژی ئەم نزیکبوونەوەیە بوو و لەدوای کەوتنی ئەسەدەوە بە چڕی هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر چەندین پێگەی سەربازی لە سووریا کردووە، بەو هیوایەی بتوانێت دووژمنە مێژووییەکەی لە دۆخێکی لاوازدا بهێڵێتەوە.
ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی سەرکردەکەی سووریا بۆ واشنتن و دووەم سەردانی بۆ ئەمریکا، دوای گەشتە مێژووییەکەی بۆ نیویۆرک و بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوول.
گرووپەکەی شەرع، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)، کە پێشتر سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو، لە مانگی تەممووزی رابردوو لەلایەن واشنتنەوە لە لیستی تیرۆر دەرهێندرا.
مانگی ئایار، سەرۆکە کاتییەکە بۆ یەکەمجار لە ریاز لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکە ترەمپ بەڵێنی دا سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا هەڵبگرێت.
سەرچاوە: ڕووداو