پاپای ڤاتیکان کۆچی دواییکرد

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای تووشبوون بە نەخۆشی، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

نیسان 21, 2025 - 11:32
پاپای ڤاتیکان کۆچی دواییکرد

پاپا فرانسیس ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆیە و سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکەکانی جیهان بوو. پاپا فرانسیس بە بنەچە ئیتاڵییە، بەڵام لەدایکبووی شاری بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتینە.

 چەند زانیارییەکی دیکە لەبارەی پاپا فرانسیسەوە:

  لە 17-12-1936لەدایکبوو، یەکەم کەسی بە رەچەڵەک ئەمریکای باشوور بوو کە ببێتە پاپا؛ ھاوکات دووەم کەسایەتیی کاسۆلیکی دەرەوەی کیشوەری ئەوروپا بوو دوای گریگۆری سێیەم ئەو ناسناوەی وەرگرتبێت.

لە 13ی ئاداری 2013 وەک 266ـەمین پاپای ڤاتیکان دیاریکرا. 

 پێشتر بەرپرسیارییەتی سەرۆکی دەوڵەتی ڤاتیکانی پێ سپێردرابوو.

پێش ئەوەش سەرۆکی ئەسقەفەکانی بۆینس ئایرس بوو و لە ساڵی 2001 پاپا یۆحەنا پۆلسی دووەم ناسناوی (کاردیناڵ)ـی پێ بەخشی. 

 ناوی فرانسیسی بۆ خۆی دانا وەک رێزلێنانێک بۆ فرانسیس ئاسیزی پیرۆز. 

 پاپا فرانسیس زمانەکانی ئیسپانی، لاتینی، ئیتاڵی، ئەڵمانی، فەڕەنسی، ئۆکراینی ھەروەھا ئینگلیزی دەزانی. 

 بە داکۆکیکاری ھەموو بزووتنەوەیەکی مرۆڤدۆستانە و ھێنانەدی دادگەری کۆمەڵایەتی و رێگەخۆشکردن بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی نێوان نەتەوە و ئایین و بۆچوونە جیاوازەکان دەناسرا. ھەربۆیە دوای ھەڵبژاردنی وەک پاپای نوێی ڤاتیکان، چەندین رێوشوێن و مەراسیمی ئایینی پێشووتری ھەڵوەشاندەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئایینی ڤاتیکانیش توانای گۆڕانکاری لە رێسا و یاساکاندا ھەیە.

خێزانی پاپا فرانسیس بە رەچەڵەک ئیتاڵییە، بەڵام لە سەردەمی حکومڕانی فاشیستی ئیتاڵی، خێزانەکە بە ناچاریی ئیتاڵیا جێدەھێڵن و بەرەو ئەرژەنتین کۆچ دەکەن.

 لە منداڵییەوە حەزی بە میوزیک و فیلم و کولتووری وڵاتانی ئەرژەنتین و ئۆرۆگوای بوو. - لە کاتی لاویشدا حەزی بە وەرزش و یاریی تۆپی پێ بوو و ھاندەرێکی سەرسەختی مارادۆنا و یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بوو. 

 لە ڕووی خوێندنەوە پاپا فرانسیس قۆناخی بنەڕەتی لە دەوروبەری شاری بۆینس ئایرس تەواوکرد.

دواتر لە قۆناخی ئامادەیی گرنگی بە زانستی کیمیا دا و تەنانەت لە زانکۆش قۆناخەکانی بەکالۆریۆس و ماستەری لە بواری کیمیا تەواوکرد و دوای تەواوکردنی قۆناخەکانی خوێندنیش بە سەرکەوتوویی لە یەکێک لە تاقیگەکانی بواری کیمیاگەری لە شاری بۆینس ئایرسی ئەرژەنتینی بۆ 3 ساڵ کاری کرد.

لە تەمەنی لاویەوە لە رێگەی کاھینێکی پەرستگای بێزەنتی تێکەڵ بە رێوڕەسمە ئایینییەکانی وڵاتانی رۆژھەڵاتی بوو. 

 لە تەمەنی 21 ساڵییەوە چووە نێو ئەزموونی کەنیسە و لە 11ـی ئاداری 1958ـەوە زانستەکانی مرۆیی و لاھوتی لە شاری سانتیاگۆی پایتەختی وڵاتی شیللی خوێند. 

 لە ئەرژەنتین درێژەی بە خوێندنی پسپۆڕی فەلسەفە و ئایینی لە پەیمانگەی ئیکلیرکی دا. - لە ساڵی 1967 خوێندنی ئایینی و لاھوتی تەواوکرد و لە 13-12-1969 بۆ یەکەمجار و بە فەرمی وەک کاھینی کنیسە دەستبەکاربوو.

پاشان دووچاری نەخۆشییەکی کوشندە بوو و بەو ھۆیەوە یەکێک لە گورچیلەکانی لەدەستدا.

دواتر وەک راگری پەیمانگەی لاھوتی لە سان مییگل کاریکرد و تا ساڵی 1986 لەو پۆستەدا مایەوە. - ساڵێک دواتر چووەتە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بە مەبەستی خوێندنی دکتۆرا لە بواری رەبەنی کریستیانی، ئەوەش بووە وێستگەیەکی گرنگی ژیانی پاپا فرانسیس.

 دوای مردنی سەرۆکی ئەسقەفەکانی بۆینس ئایرس کاردیناڵ ئەنتۆنیۆ کاراکینۆ لە 28ی شوباتی 1998 دەرفەتی لەبار بۆ چوونەپێشەوەی پاپا فرانسیس.

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە نێوان 5 بۆ 8ـی ئازاری 2021 سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد. سەردانەکەی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حکومەتی عێراق کەنیسەی کاسۆلیکی بوو. سەردانەکەی بۆ دروستکردن و پتەوکردنی پردی پەیوەندیی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەکان بوو.

سەرچاوە: ڕووداو