شاندێکی دەم پارتی بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە هەولێرە

شاندێکی دەم پارتی لە شاری هەولێرە و بڕیارە لەگەڵ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و رۆشنبیران کۆببێتەوە. نوێنەری پارتەکە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی ئامانجی سەرەکیی سەردانی شاندەکەیە.

نیسان 21, 2025 - 11:34
شاندێکی دەم پارتی بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە هەولێرە

مورات شەن، نوێنەری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شاندەکە شەوی رابردوو گەیشتووەتە هەولێر و سبەی لەگەڵ رۆشنبیرانی هەولێر کۆدەبێتەوە." شاندەکە پێکهاتووە لە مەراڵ دانش، سالیحە ئایدەنیز، سەرحەد ئەرەنی، پەرلەمانتارانی دەم پارتی و چەند ئەندامێکی دیکەی پارتەکە.

 کۆبوونەوەی سبەی شاندەکە لە بارەگای حیزبی شیوعی کوردستان لە هەولێر دەبێت لەگەڵ ژمارەیەک رۆشنبیر و چالاکڤان. مورات شەن گوتی، "شاندەکە ناچێتە سلێمانی، هەر لە هەولێر لەگەڵ 8 لایەنی سیاسی دیداری دەبێت. لایەنەکانیش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیان تێدا نابێت، چونکە پێشتر شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئەوان کۆبووەتەوە."

 لەبارەی ئامانجی شاندەکەوە، نوێنەرەکەی دەم پارتی لە هەرێمی کوردستان گوتی، "بەڕێز ئۆجەلان بۆ پرۆسەی ئاشتی داوای کردووە سەردانی حیزبە کوردستانییەکان بکرێت، هەروەها پرۆسەکە لەگەڵ رۆشنبیران تاوتوێ بکرێت. ئامانجی شاندەکەش هەر تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتییە."

شوباتی ئەم ساڵ شاندێکی باڵای دەم پارتی کە ئەندامانی شاندی ئیمراڵییان لەنێودا بوو، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و ژمارەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجام دا و پرۆسەی ئاشتییان تاوتوێ کرد.

سەرچاوە: ڕووداو