مۆزەخانەی شێرکۆ بێکەس دەکرێتەوە
ئەم ساڵ ڕێوڕەسمی فەرمی بۆ یادی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس ساز ناکرێت، بەڵام ژمارەیەک گەنج بە شێوەی سەربەخۆ یادەکەی دەکەنەوە، ماڵەکەی کراوەتە مۆزەخانە و لە نزکترین کاتدا دەکرێتەوە.
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس، کوڕی شاعیری کۆچکردوو، بە رۆژی هیوا جەمالی راگەیاند، ئە مساڵ لەسەر ئاستی فەرمی هیچ رێوڕەسمێک بۆ یادکردنەوەی باوکی ساز ناکرێت، بەڵام لە نزیکترین کاتدا مۆزەخانەی شێرکۆ بێکەس لە ماڵەکەی خۆیدا دەکرێتەوە.
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس دەڵێت: "لەبەرئەوەی نەمانویستووە تەنیا کارەکانی ساڵانی رابردوو دووپات بکەینەوە، بڕیارمان دا ئەم ساڵ رێوڕەسم ئەنجام نەدەین، بەڵکو دەمانەوێت بە کارێکی نوێوە دەست پێبکەین."
کارە نوێیەکە کردنەوەی مۆزەخانەکەیە کە کارەکانی لە کۆتاییدایە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەکرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، مۆزەخانەی شێرکۆ بێکەس هەر ئەو ماڵەیە کە تێیدا ژیاوە و دەکەوێتە گەڕەکی ئاشتی لە سلێمانی. لەوێ کەلوپەلە تایبەتەکانی نمایش دەکرێن و کۆفی شۆپێکیشی تێدا دروست کراوە. سەرەڕای ئەوەی بنەماڵەکەی رێوڕەسمی فەرمی ساز ناکەن، بڕیارە ژمارەیەک لە گەنجان و هەوادارانی شاعیر بە شێوەیەکی سەربەخۆیانە سەردانی گۆڕەکەی لە پارکی ئازادیی سلێمانی بکەن.
شێرکۆ بێکەس لە 2ـی ئایاری ساڵی 1940 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە 4ـی ئابی 2013 لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە کۆچی دواییکرد.
ناوبراو کوڕی شاعیری ناوداری کورد، فایەق بێکەسە.
شێرکۆ بێکەس لە وەسێتنامەکەیدا کە بۆیەکەم جار لە تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرایکرد داوایکرد لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی و لە تەنیشت مۆنیۆمێنتی شەهیدانی 9ی حوزەیرانەوە بنێژرێت، نەک لە گردە ناسراوەکان، چونکە حەز دەکات "بە مردووییش نزیكی خەڵک و دەنگی مۆسیقا و هەڵپەڕکێ بێت."
شێرکۆ بێکەس ئاواتەخوازبوو لە رێوڕەسمی بە خاکسپاردنیدا مۆسیقا لێبدرێت و ئاڵای کوردستان جەستەی دابپۆشێت. داوایشی کردبوو کتێبخانە و دیوانەکانی ببرێنە سەر مەزارەکەی و کافتریایەک دروست بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە شوێنی کۆبوونەوەی شاعیران و دڵداران.
شێرکۆ بێکەس تەکەزی لەسەر ئەوە دانا خەونی هەرە گەورەی سەربەخۆیی کوردستان بووە و دەڵێت: "ئەگەر سەربەخۆیی خەون بێت، ئەمەوێ تا مردن لەناو ئەو خەونەدا بم."
لە کۆتاییدا داوای کردووە خەڵاتێکی ساڵانە بە ناوی "بێکەس"ـەوە تەرخان بکرێت بۆ باشترین دیوانە شیعری ساڵ، کە لەو میراتەی بەجێیدەهێڵێت خەرجییەکەی دابین بکرێت.
سەرچاوە: ڕووداو