نووسینگەکە رۆژی هەینی، 17 ـی تشرینی یەکەمی 2025، لەبارەی دیداری پارێزەران لە رۆژی 13ـی تشرینی یەکەمی 2025 لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و زیندانییەکانی دیکەی گرتووخانەی ئیمراڵی، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئۆجەلان بە پارێزەرەکانی راگەیاندووە، دەبێت کورد بە گشتی لەنێو یاسادا جێی خۆی بگرێتەوە و ئاشتیی راستەقینە هەر ئەوەیە. ئۆجەلان هەروەها گوتوویەتی، تاوەکو ئەمڕۆ یاسای کورد پشتگوێ خراوە، بەڵام دەبێت ئەمڕۆ یاسایەکی یەکخستنی دیموکراسی دابنرێت.
باس لەوە کراوە کە لە دیدارەکەدا، دۆخی یاسایی ئۆجەلان لە چوارچێوەی بڕیاری "مافی هیوا"ی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆ بووە.
کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا لە دانیشتنی رۆژانی 15-17ـی ئەیلوولی رابردوو جارێکی دیکە داوای لە تورکیا کردبوو "مافی هیوا" بەگوێرەی بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بە چارەسەرێکی یاسایی مسۆگەر بکرێت.
ئۆجەلان، لەبارەی ئەم پێشهاتەوە جەختی لە گرنگیی "پرەنسیپی هیوا" کردووەتەوە و گوتوویەتی: "پرەنسیپی هیوا هەنگاوێکە دەبێت دەوڵەت بینێت. دەبێت ئەم بارە هەڵبگرێت. ئەمە بابەتێکە کاریگەری لەسەر هەزاران کەس هەیە. لە هەر لایەکەوە سەیری بکەیت دەبێت ئەمە هەڵبگیرێت. لە رووی یاساییەوە دەبێت ئەمە بکرێت. سیاسەت و دادپەروەریش ئەمەیان دەوێت."
پێش چەند رۆژێک جارێکی دیکە "مافی هیوا" لە رۆژەڤی ئاکپارتی و دەم پارتیدا بوو.
ئۆزڵەم زەنگین، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان- ئاکپارتی، رۆژی چوارشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا لە ئەنقەرە ئاماژەی بەوەدا، هیچ داواکارییەک بۆ مافی هیوا بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پێشکێش نەکراوە.
زەنگین گوتی: "لەو کۆبوونەوانەی بەشداریم کردووە، داواکارییەکی لەو شێوەیەم نەبیستووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە چەندینجار گوتراوە، ئۆجەلان هیچ داواکارییەکی بۆ دەرچوون لە ئیمڕاڵی نەکردووە. شاندی دەم پارتی کە سەردانی ئێمەی کرد و لە بەرزترین ئاستی ھاوسەرۆکاندا بوو، گوتیان بۆ دەرچوونی (ئۆجەلان) هیچ داواکارییەک نییە."
سەرچاوە:رووداو