پەیامی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بڕیاری پەکەکە بۆ چەکدانان

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشوازی لە بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە، چه‌کدانان و به‌پیره‌وه‌چوونی بانگه‌وازی به‌ڕێز ئۆجالان دەکەین، هەروەها "ئامادەیی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ به‌رده‌وامی له‌ پێشکەشکردنی هه‌ر جۆرە يارمه‌تى و هاوكارييه‌ك بۆ سەرکەوتنی ئەم دەرفەتە مێژوویيە."

ئارەی 12, 2025 - 11:49
پەیامی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بڕیاری پەکەکە بۆ چەکدانان

دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 پێشوازی لە بڕیاری PKK بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چه‌کدانان و به‌پیره‌وه‌چوونی بانگه‌وازی به‌ڕێز ئۆجالان دەکەین و بە هەنگاوێکی چارەنووسسازى دەزانین کە لاپەڕەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا دەکاتەوە. ئەم هەنگاوە نيشانه‌ى پێگەیشتنی سیاسييه‌ و ڕێگە بۆ دیالۆگێکی ڕاستەقینە دەکاتەوە کە پێکەوەژیان و سەقامگیری لە تورکیا و سەرتاسەری ناوچەکە بەهێز دەکات.

ئێستا كاتى ئه‌وه‌يه‌ و هه‌مووان چاويان له‌وه‌يه‌ ئەم هەنگاوە گرنگه‌ بە هەنگاوی ديكه‌ى ئەرێنی و پێويست لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەڵام بدرێتەوە. ئه‌مه‌ زەمینەیەکی دروست و گونجاو ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌ و ده‌بێته‌ بنەمای ئاشتییەکی هەمیشەیی و گشتگیر کە کۆتایی بە دەیان ساڵ له‌ توندوتیژی و ئازار و مه‌ينه‌تى دەهێنێت و ناوچەکە بەرەو ئاسۆی نوێی پێشکەوتن دەبات.

وێڕای ستایش و پێزانین بۆ ڕۆڵی سه‌رۆک ئه‌ردۆغان له‌ پشتگیریکردن و هه‌وڵه‌کانی بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌که‌، دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هەرێمی کوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ پشتگیريی هه‌موو هەوڵێك‌ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەکات و هیوادارین ئەم دەستپێشخەرییە ببێتە خاڵی وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە.

هه‌روه‌ها ئامادەیيی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ به‌رده‌وامی له‌ پێشکەشکردنی هه‌ر جۆرە يارمه‌تى و هاوكارييه‌ك بۆ سەرکەوتنی ئەم دەرفەتە مێژوویيیە.

 نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 ٢٠٢٥/٥/١٢

سەرچاوە: ڕووداو