ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 3277 دۆلار دابەزی

کۆبوونەوەی ئەرێنیی نێوان چین و ئەمریکا لە سویسرا بۆ چارەسەکردنی کێشە بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵات ئەرێنی بووە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.

ئارەی 12, 2025 - 09:10
ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 3277 دۆلار دابەزی

 نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا رۆژی دووشەممە، بەڕێژەی 1.4٪ دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 3277 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەگەری رێککەوتنی نێوان چین و ئەمریکا لەسەر کێشە بازرگانییەکانیان بەرزبووەتەوە و ئەوەش خواستی بۆ کڕینی زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارامی وەبەرهێنان کەم کردووەتەوە.

جیگار تریڤێدی، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی رێلایەنس سیکیۆریتی لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ئەرێنیبوونی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و چین، بەهای دۆلاری بەرزکردووەتەوەو ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ."

 لە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بووە سەرۆکی ئەمریکا و سەپاندنی پێناسە گومرکییەکان، نرخی زێڕ بەتەنیا لە ماوەی چەند مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا بەڕێژەی 27٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

 شرۆڤەکارەکەی کۆمپانیای رێلایەنس لەو بارەیەوە دەڵێت، "چارەسەربوونی کێشە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 3200 دۆلار."

سەرچاوە: ڕووداو