دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند: "تازە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەم لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمیر پووتینی رووسیا کۆتایی پێهێنا و یەکجار بەرهەمدار بوو. بۆ ئەو دەستکەوتە گەورەیەی [بەدیهێنانی] ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەرۆک پووتین پیرۆزبایی لێکردم، کە وەک خۆی گوتی، چەندین سەدەیە خەونی پێوە دەبینرێت."
ترەمپ نووسی: "من لەو باوەڕەدام کە سەرکەوتن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا یارمەتیدەرمان دەبێت لە گفتوگۆکانماندا بۆ گەیشتن بە کۆتاییهێنانی جەنگ لەگەڵ رووسیا/ئۆکراینا."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، پووتین سوپاسی میلانیا ترەمپی خانمی یەکەمی کردووە بۆ کارەکانی لەگەڵ منداڵان و باسیان لە بازرگانیی نێوان رووسیا و ئەمریکا کردووە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئۆکراینا.
ترەمپ پلانی داهاتووی ئاشکرا کرد و گوتی: "لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، رێککەوتین کە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک لەنێوان راوێژکارە باڵاکانماندا بکرێت." بە گوتەی ترەمپ، کۆبوونەوە سەرەتاییەکانی ئەمریکا لەلایەن مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەی لووتکەوە رایگەیاند: "دواتر من و سەرۆک پووتین لە بوداپێستی هەنگاریا، کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی بزانین دەتوانین کۆتایی بەم جەنگە نابووتەی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بهێنین."
هەروەها ترەمپ ئاشکرایکرد کە سبەی کۆبوونەوەیەکی دیکەی گرنگی هەیە و گوتی: "سبەی من و سەرۆک زیلینسکی لە کۆشکی سپی کۆدەبینەوە، کە تێیدا باس لە پەیوەندییەکەم لەگەڵ سەرۆک پووتین و زۆر شتی دیکە دەکەین."
هاوکات، کۆشکی سپی لە راگەیێنراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە ترەمپ و پووتین لەسەر کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرزی نێوان هەردوولا لە هەفتەی داهاتوودا رێککەوتوون.
کۆشکی سپی رایگەیاند، رەنگە دوای ئەو کۆبوونەوە ئاستبەرەزە، کۆبوونەوەیەکی دیکەی لووتکە لەنێوان ترەمپ و پووتیندا بکرێت.
بەپێی راگەیێنراوەکە، "سەرۆک ترەمپ هێشتا لەو باوەڕەدایە کە ئەگەری لووتکەیەک هەیە کە پووتین و زیلینسکی پێکەوە کۆبکاتەوە" و جەختیشی کردەوە کە "سەرۆک پووتین پابەندە بە کۆبوونەوە لەگەڵ ترەمپ."
سەرچاوە:ڕووداو