وڵاتانی رۆژئاوا رێگری بەردەم بەکارهێنانی چەکەکانیان لەلایەن ئۆکرایناوە لادەبەن
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، لەگەڵ وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی ئۆکراینا رێگرییەکانی بەردەم ئۆکراینایان بۆ هێرشکردنە سەر خاکی رووسیا لابردووە. رووسیاش هۆشداری دەدات کە ئەمە دەبێتە رێگری لە گەیشتن بە ئاگربەست.

فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، "هەموو کارێک کە لەدەستمان بێت بۆ پاڵپشتی ئۆکراینا دەیکەین، لەوانە دابینکردنی چەک". دەشڵێت، ئەمە بە هاوئاهەنگی نزیک لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دیکەی کیێڤ دەکەن.
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، "هیچ سنوورێک لەسەر ئەو چەکانە نەماوە کە گەیشتوونەتە ئۆکراینا، جا چەکەکە لەلایەن بەریتانیەکان، فەرەنسییەکان، ئێمە یان ئەمریکیەکان نێردرابێت". گوتیشی، "ئەمە مانای وایە کە ئۆکراینا دەتوانێت بەرگری لەخۆی بکات، بۆ نموونە لە رێگەی هێرشکردنە سەر پێگە سەربازییەکانی رووسیا".
راوێژکاری ئەڵمانیا زانیاری زیاتری لەبارەی جۆری ئەو چەکانە ئاشکرانەکردووە کە رێگەیان بە ئۆکراینا داوە بە ویستی خۆی دژی رووسیا بەکاریان بهێنێت.
تشرینی دووەمی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رێگەی بە سوپای ئۆکراینادا مووشەکی (ATACMS) بۆ لێدان لە رووسیا بەکاربهێنێت. هەمان مانگ، ئۆکراینا بە مووشەکی بەریتانی و فەرەنسی هێرشیکردە سەر پێگە سەربازییەکانی رووسیا.
سەبارەت بە گوتەکانی راوێژکاری ئەڵمانیا دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کریملین بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "ئەگەر لە راستیدا ئەو بڕیارانە درابن، ئەوا دەبنە رێگری تەواوەتی لە بەردەم هەوڵەکانمان بۆ چارەسەرێکی سیاسی (جەنگی ئۆکراینا)." دەشڵێت، "ئەگەر درابن، ئەو بڕیارانە زۆر مەترسیدارن".
لە چاوپێکەوتنەکەدا راوێژکاری ئەڵمانیا رەخنەی تووندی لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گرت کە خۆی لە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئۆکراینا دوور دەگرێت. ئەو گوتی، "پووتین دەرفەتەکانی گفتوگۆ وەکو لاوازی (ی بەرامبەر) دەبینێت."
کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد و هەڵمەتێکی بۆ ئاگربەستی جەنگی ئۆکراینا دەستپێکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا جگە لە ئاگربەستی کورت مەودا و ئازادکردنی چەند بارمتەیەکی یەکدی هیچی دیکەی لێ نەکەوتووەتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو