کۆریای باکوور: گومەزی زێڕینی ئەمریکا هەڕەشەیەکی زۆر مەترسیدارە

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، پلانی مووشەکی گومەزی زێڕینی سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەیەکی زۆر مەترسیدارە کە ئامانج لەو پڕۆژەیە بڵاوکردنەوەی چەکە بە بۆشایی ئاسمان و کردنیەتی بە مەیدانی جەنگ.

ئارەی 27, 2025 - 11:59
کۆریای باکوور: گومەزی زێڕینی ئەمریکا هەڕەشەیەکی زۆر مەترسیدارە

رۆژی سێشەممە، 27ی ئایاری 2025، میدیای فەرمی کۆریای باکوور لە زاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، کۆریای باکوور پلانی دروستکردنی "گومبەزی زێڕین" "پێشنیازێکی هەڕەشەئامێزی زۆر مەترسیدار" دەزانێت کە ئامانج لێی هەڕەشەی ئەمنیە بۆ سەر ئەو وڵاتانەی خاوەن چەکی ئەتۆمین.

رۆژی 20ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی پلانێکی بۆ دروستکردنی سیستمێکی بەرگریی نوێ بۆ وڵاتەکەی راگەیاند. ترەمپ گوتی، "لە کەمپەینی هەڵبژاردندا بەڵێنم بە هاووڵاتییانی ئەمریکی دا قەڵخانی بەرگریی مووشەکی دروست بکەم." دڵخۆشیی خۆیشی راگەیاند بەوەی، دیزاینێکیان هەڵبژاردووە بۆ ئەو سیستمە بەرگرییە مووشەکییە.

ئیدارەی ترەمپ بەنیازە سەرەتا 25 ملیار دۆلار لە پرۆژەکەدا خەرج بکات، کە سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی دەکات 175 ملیار دۆلاری تێبچێت و بە سێ ساڵ تەواو بکرێت.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "گومەزی زێڕین توانای رێگریکردنی لە مووشەکەکان دەبێت تەنانەت ئەگەر لە ناوچەکانی دیکەی جیهانەوە یان بۆشایی (ئاسمانەوە) هەڵبدرێن". جەختی لەوەش کردەوە، سیستمەکە "زۆر گرنگە بۆ سەرکەوتن و مانەوەی وڵاتەکەمان."

پێت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەکاتی گوتەکانی ترەمپدا ئامادەبوو و رایگەیاند، ئامانج لە سیستمەکە پاراستنی وڵاتەکەیانە لە مووشەکەکانی کرووز و بالستی و هایپەرسۆنیک و درۆن و چەکی ئەتۆمی.

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور ئاماژەی بەوەش کردووە، "پلانەکەی ئەمریکا بۆ دروستکردنی سیستەمێکی بەرگریی مووشەکی وڵاتان نیگەران دەکات سەبارەت بە ئاسایشەکەیان و وایان لێدەکات چەکی بۆشایی ئاسمان و ئەتۆمی زیاتر دروستبکەن". جەخت لەوەش دەکەنەوە، پڕۆژەکە دەبێتە هۆی بڵاوکردنەوەی چەک بە بۆشایی ئاسماندا.

 چین و رووسیا نیگەرانیی خۆیان لە پڕۆژەکەی ئەمریکا دەربڕیوە و ئەو پلانەیان بە هۆکارێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی جیهان داناوە.

سەرچاوە: ڕووداو