لە یادی 56 ساڵەی بەپارێزگابوونی دهۆک ئاهەنگ و کەرنەڤاڵ ساز دەکرێت
ئەمڕۆ 56 ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارێزگای دهۆکە، بە زنجیرەیەک چالاکی یادەکە بەرز رادەگیرێت. ئەندامێکی لیژنەی سەرپەرشتی کەرناڤاڵی دهۆک بە رووداوی گوت: "لە کەرناڤاڵی ئەم ساڵدا بابەتی سەرەکی سەرکەوتنەکانی بواری وەرزشە لەسەر ئاستی پارێزگاکە."

هەموو ساڵێک لە ساڵڕۆژی بە پارێزگابوونی دهۆکدا کەرناڤاڵێک سازدەکرێت، ئەم ساڵیش کەرناڤاڵ لە پارکی نەورۆزی ناو بازاڕی دهۆک ئەنجام دەدرێت. حەسەن فەتاح، ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیی کەرنەڤاڵی دهۆک لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ئەوە 11ـەمین کەرناڤاڵی ساڵانەی دهۆکە، کاژێر 18 دەستپێدەکات.
لە کاژێری یەکەمدا، گەڕانێکی میوانان بۆ ماوەی کاژێرێک لە دەوروبەری پارکی نەورۆز هەیە، کە ژمارەیەک کۆشک دانراون بۆ ناساندنی بەڕێوەبەری دەزگاکانی دهۆک.
حەسەن فەتاح دەڵێت: لە بەرنامەی سەر شانۆ کە کاژێر 18 دەستپێدەکات، هونەرمەندانی میللی تابلۆی هونەری پێشکێش دەکەن و چەند دەنگبێژێکیش ئامادە دەبن، کە ئامانجیان پێشاندانی "دەوڵەمەندیی کولتووریی" پارێزگاکەیە.
یانەی دهۆک پاش ئەوەی لە پێشبڕکێی کۆتایی یاریی گەڕانەوەدا لەسەر یاریگاکەی بە ئەنجامی 1-2 بەسەر قادسیەی کوەیتیدا سەرکەوت، بووە پاڵەوانی خولی جامی کەنداوی 2025. ئەمە یەکەمجارە کە یانەیەک لە کوردستان و عێراق ببێتە پاڵەوانی خولەکە.
حەسەن فەتاح، ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیی کەرناڤاڵی دهۆک راگەیاند کە لە کەرناڤاڵی ئەم ساڵدا بابەتی سەرەکی وەرزشە، بەتایبەتی سەرکەوتنی یانەی دهۆک لە جامی کەنداودا، بۆیە ئەمڕۆ یانەی دهۆک، هەروەها یانەی دهۆکی خانمان خەڵات دەکرێن.
دهۆک یەکێکە لەو چوار پارێزگایانەی هەرێمی کوردستان و ناوەندیی پارێزگاکە قەزای دهۆکە و لە ناوچەی بادینانە، 56 ساڵ بەسەر پارێزگابوونیدا تێپەڕ دەبێت.
لە 27ـی گوڵانی 1969 دا بووە پارێزگا، ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار کەسە، کورد، کلدانی، ئاشووری و ئەرمەنی لەو پارێزگایە دەژین، زۆرجار وەک "مۆزاییکی پێکەوەژیان" ناودەبرێت. دانیشتووانەکەی موسڵمان، مەسیحی و ئێزدین. وەک یەکێک لە شارە دڵگیرەکانی هەرێمی کوردستان دەناسرێت.
لە پارێزگای دهۆک حەوت قەزا هەن، قەزاکانی دهۆک، زاخۆ، ئاکرێ، ئامێدی، سێمێل، شێخان و بەردەڕەش.
سەرچاوە: ڕووداو