لەکاتێکدا شەڕ لە ئۆکراینا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامە و ئابوورییە گەورەکانی جیهان بەدەست باجە گومرگییەکانی ئەمریکاوە دەناڵێنن، بەریتانیا چاوی لەوەیە بە رێوڕەسمە شاهانەییەکانی، ترەمپ لە بەرەی خۆی بهێڵێتەوە.
بەڵام ئەو مشتومڕەی لەسەر جێفری ئێپستاین، تاوانباری سێکس و شەڕی کولتووری لەسەر ئازادیی رادەربڕین هەیە، رەنگە هەندێک ساتی ناخۆش دروستبکەن کاتێک ترەمپ لەگەڵ کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دادەنیشێت.
ترەمپ لەمێژە بە بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا سەرسامە و بڕیارە بە گالیسکەی شاهانە لەگەڵ شا چارڵزی سێیەم بەڕێبکرێت و ئاهەنگێکی گەورەی فەرمیشی لە قەڵای وینزر بۆ سازبکرێت.
هەروەها لە شوێنی گردبوونەوە و خۆپێشاندەران دووردەخرێتەوە و لە دەرەوەی لەندەن دەمێنێتەوە، لە بەرئەوەی لە پایتەختی شانشینەکە داوا کراوە خۆپێشاندانێکی گەورە دژی سەرۆکە تەمەن 79 ساڵانەکە بکرێت.
ستامەر، سەرکردەی پارتی کاری چەپڕۆ، لە بنەڕەتدا، وەک بیکردنەوە و تێڕوانین، هاوپەیمانی ترەمپی راستڕۆ نییە، بەڵام لەوەتەی ترەمپ لە کانوونی دووەم گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، ستامەر کاری کردووە بۆئەوەی بۆ لای خۆی رابکێشێت.
مانگی شوبات، کاتێک ستامەر نامەیەکی شای بەریتانیای گەیاندە ترەمپ لە کۆشکی سپی و بانگهێشتی کرد بۆ سەردانە فەرمییەکە، گوتی: "ئەمە بەڕاستی تایبەتە، ئەمە پێشتر هەرگیز رووینەداوە، ئەمە بێ پێشینەیە."
لە کاتی قبووڵکردنی بانگهێشتەکەدا، ترەمپ بە ستامەری گوت کە شا چارڵز، کە ئێستا چارەسەری شێرپەنجە وەردەگرێت- "پیاوێکی زۆر زۆر بەڕێزە".
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا (داونینگ ستریت) رایگەیاندووە، سەردانەکەی ترەمپ، کە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بەردەوام دەبێت، "هاوڕێیەتیی پتەوی" نێوان هەردوو وڵات "دەگەیێنێتە ئاستێکی نوێ."
وەبەرهێنانی ئەمریکی
بڕیارە هەردوو وڵات بە بەهای نزیکەی 10 ملیار (13.6 ملیار دۆلار) پاوەند چەند رێککەوتنێک واژۆ بکەن، لەنێویاندا رێککەوتنێک بۆ خێراکردنی پەرەپێدانی پڕۆژەیەکی نوێی ئەتۆمی و هەروەها رێککەوتنێکی دیکە کە بەرپرسانی بەریتانیا بە "هاوبەشییەکی تەکنەلۆجیی پێشەنگ لەسەر ئاستی جیهان" ناوی دەبەن.
هاوبەشییە ئەتۆمییەکە بۆ ئاسانکردنی کاری کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتە تاوەکو بتوانن لە بواری وزەی ئاشتییانەدا کار بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەریتانیا هەوڵدەدات دەردانی گازە گەرمکەرەکان لە پیشەسازییەکەیدا بۆ سفر کەمبکاتەوە.
پێش گەشتەکە، کۆمپانیای گووگڵ رۆژی رایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بە بڕی 5 ملیار پاوەند (کە دەکاتە 6.8 ملیار دۆلار) وەبەرهێنان لە بەریتانیا دەکات، بۆ پشتیوانیکردنی بواری ژیریی دەستکرد.
ترەمپ، کە دایکی سکۆتلەندی بووە، دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە دوو جار بە فەرمی سەردانی بەریتانیای کردبێت، دوای سەردانەکەی پێشووی لە ساڵی 2019 کە چاوی بە شاژن ئێلیزابێسی دووەم کەوت.
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە جارێکی دیکە لە چەندین بۆنەدا لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەی شاهانە کۆدەبێتەوە، کە بە ئاهەنگێکی فەرمی لە ئێوارەدا کۆتایی دێت.
رۆژی پێنجشەممە، کاتێک ستامەر لە شوێنی پشوودانی خۆی لە "چێکەرز" میوانداریی ترەمپ دەکات، باس لە سیاسەت دەکەن هەوڵدەدات سوود لەوە وەربگرێت کە بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی پێش هەمووان گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کردووە و خۆی لە خراپترین باجە گومرگییەکانی ترەمپ پاراستووە.
مشتومڕی ئێپستاین
ئۆکرایناش تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان دەبێت. ستامەر یەکێکە لەو سەرکردە ئەورووپییانەی کە گوشاریان لە ترەمپ کردووە بۆ بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی کیێڤ، سەرەڕای ئاماژەکان بۆ ئەوەی ترەمپ زیاتر مەیلی بەلای ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیادایە.
مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا، کە بە دەگمەن لە بۆنە گشتییەکاندا دەردەکەوێت، رۆژی پێنجشەممە کارنامەیەکی جیای دەبێت و لەگەڵ شاژن کامیلا بەشداری لە بۆنەیەکدا دەکات.
سەرەڕای رێوڕەسمەکان، لە پشت پەردەوە چەند ناکۆکییەک هەن.
کۆشکی سپی رایگەیاند، ترەمپ پرسی "گرنگیی پاراستنی ئازادیی رادەربڕین لە بەریتانیا لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە" دەورووژێنێت — بابەتێک کە رۆژی یەکشەممە، ئیلۆن مەسک، هاوپەیمانی پێشووی ترەمپ، لە گوتارێکدا لە کۆبوونەوەیەکی راستڕۆیە توندڕۆکان لە بەریتانیا باسی کرد.
گوتەبێژی ستامەر رۆژی دووشەممە قسەکانی مەسکی بە "مەترسیدار و تێکدەر" وەسف کرد.
ستامەر زۆر پێویستی بەوەیە سەردانەکە بە سەرکەوتوویی تێپەڕێت، دوای ئەوەی چەند رۆژێکی ناخۆشی بەڕێکرد کە دەنگۆی لەسەر داهاتووی دروستکردووە.
سەرۆکوەزیرانەکە رووبەڕووی پرسیار بووەتەوە لەسەر بڕیارەکەی بۆ دەستنیشانکردنی پیتەر ماندلسن وەک باڵیۆز لە واشنتن، کە ئێستا لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە، لەسەر ئەوەی کە ئاشکرا بووە پەیوەندیی بە ئێپستاینەوە هەبووە.
خودی ترەمپیش تۆمەتبارە بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ تاوانکارەکە.
بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیاش بەهۆی ئێپستاینەوە تووشی شەرمەزاری بوو، لەبەر ئەوەی شازادە ئەندروو، برای بچووکی شا چارڵز، پەیوەندیی لەگەڵدا هەبووە.
ئێپستاین سەرمایەدارێکی ئەمریکی بوو. تاوانبار بوو بەوەی، کچانی منداڵی بۆ کەسایەتییە بەناوبانگ و دەوڵەمەندەکان بردووە بۆ ئەوەی سێکسیان لەگەڵ بکەن.
تاوانبارەکە پێش ئەوەی دادگایی بکرێت، لە ئابی 2019، ئێپستاین بە مردوویی لە زینداندا دۆزرایەوە. حکومەتی ئەمریکا دەڵێت، تۆمەتبارەکە خۆی کوشتووە. بەڵام لەنێو ئەمریکا، گومانی زۆر لە کوشتنی دەکرێت و بەشێکی زۆری خەڵک و کەسایەتییە کاریگەرەکانی وڵاتەکە، پێیانوایە، ئێپستاین بۆ پاراستنی ناوبانگی دەوڵەمەند و نێودارەکان، کوژراوە.
سەرچاوە: ڕووداو