توێژینەوەیەک: نوقمبوونی شەنگەهای خێراتر بووە

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە شاری شەنگەهای چین خەریکە نوقم دەبێت، تەنانەت خێراتر لەوەی پێشتر بیری لێدەکرایەوە. ئەمەش دوو هۆکاری سەرەکیی هەیە.

تشرینی یەکە 19, 2025 - 10:27
توێژینەوەیەک: نوقمبوونی شەنگەهای خێراتر بووە
هۆکارەکانی خێراتر نوقمبوونی شەنگەهای
 
یەکەم: ئاستی دەریاکان بەرز دەبێتەوە
 
زانایان دەڵێن ئاستی دەریاکان لە ساڵی 1900ـەوە بە خێراییەک بەرزبووەتەوە کە لە چوار هەزار ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە. هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان گەرمبوونی زەوی و توانەوەی سەهۆڵ و بەستەڵەکەکانە. 
 
دووەم: خاکی شارەکە دادەچێت
 
شەنگەهای لەسەر خاکێکی نەرم دروستکراوە (کە پێی دەگوترێت دەڵتا)، ئەم خاکەش بە شێوەیەکی سرووشتی بە تێپەڕبوونی کات دادەتەپێت و رۆدەچێت. بەڵام هۆکاری سەرەکیی نوقمبوونەکە مرۆڤ خۆیەتی، بەتایبەتی بەهۆی دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی بۆ کارگە و بیناسازی و ماڵان.
 
لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا، شارەکە ساڵانە نزیکەی 10 سانتیمەتر نوقم دەبوو. واتە نقومبوونی شارەکە زیاتر بەهۆی داتەپینی خاکی ژێرییەوەیەتی، وەک لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا.  
 
مەترسییەکان چین؟
 
ئەم دوو کێشەیە پێکەوە (داتەپینی خاک و بەرزبوونەوەی دەریا) مەترسیی زۆر گەورە دروست دەکەن، وەک:
 
• زیادبوونی مەترسیی لافاو.
• زیانی ئابووریی گەورە (تەنیا لە 20 ساڵدا شەنگەهای زیاتر لە 3 ملیار دۆلاری لەدەستداوە).
• تێکچوونی بازرگانیی جیهانی، چونکە ئەم شارانە ناوەندی گەورەی پیشەسازین.
 
کێشەکە تەنیا بەرۆکی شەنگەهای نەگرتووە
 
شارە گەورەکانی دیکەی وەک جاکارتا (ئیندۆنیزیا)، مانێلا (فلیپین) و نیویۆرک (ئەمریکا)، هەمان مەترسییان لەسەرە، چونکە ئەوانیش لەسەر خاکی هاوشێوە دروستکراون.
 
حکومەتی شەنگەهای هەوڵدەدات بە رێکخستنی بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی، کێشەکە کەمبکاتەوە، بەڵام مەترسییە گەورەکە هەر دەمێنێت. شارەکانی سەر خاکی جۆری دەڵتا شوێنێکی زۆر باشن بۆ ژیان و کشتوکاڵ، بەڵام زۆر ناسکن و ئەگەر ئاستی دەریا بەردەوام بەرزبێتەوە، رەنگە زۆر بە خێرایی ژێر ئاو بکەون.
 سەرچاوە: ڕووداو