مێسی هاتریکی تۆمارکرد و مەیامی گەیشتە پلەی ئۆف

لیۆنێل مێسی بە تۆمارکردنی هاتریک سەرکردایەتیی ئینتەرمەیامیی کرد بۆ گەیشتن بە قۆناخی پلەی ئۆف و خۆیشی بووە گۆڵکاری خولی ئەمریکا.

تشرینی یەکە 19, 2025 - 10:03
مێسی هاتریکی تۆمارکرد و مەیامی گەیشتە پلەی ئۆف
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان، ئینتەرمەیامی بووە میوانی یانەی ناشڤیڵ، دوای 34 خولەک یارییکردن لیۆنێل مێسی گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد و ئینتەرمەیامی پێشکەوت.
 
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە بە دوو خولەک سام سوریچ ئەنجامەکەی بۆ خاوەن یاریگە یەکسانکردەوە.
 
لە خولەکی شەشەمی کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەم، یاکۆب شافێلبۆرگ گۆڵی دووەمی بۆ ناشڤیڵ تۆمارکرد و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی خاوەن یاریگە تەواو بوو.
 
خولەکی 62 لیۆنێل مێسی یەکەم لێدانی سزای لەم وەرزەدا جێبەجێکرد و گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
دوای پێنج خولەک، بالتاسار رۆدریگێز گۆڵی سێیەمی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد و میوانەکان پێشکەوتن.
 
لە خولەکی 81 مێسی گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد و بووە خاوەنی هاتریک لە یارییەکەدا و ئینتەرمەیامی زیاتر لە بردنەوە نزیکبوو.
 
لە یەکەم خولەکی زیادکراوی یارییەکەدا، تێلاسکۆ سێگۆڤیا بە ئاسیستی مێسی گۆڵی پێنجەمی تۆمارکرد و ئینتەرمەیامی بە پێنج گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ یارییەکەی بردەوە.
 
بەم بردنەوەیە ئینتەرمەیامی گەیشتە قۆناخی پلەی ئۆف، دوو یاریی چوون گەڕانەوە هەر بەرامبەر یانەی ناشڤیڵ ئەنجامدەدات.
 
مێسی بە تۆمارکردنی هاتریک لە یارییەکەدا بە تۆمارکردنی 29 گۆڵ بووە گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولی ئەمریکا و 889 گۆڵی لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا تۆمارکردووە.
سەرچاوە: ڕووداو