سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە کوردی قسەی کرد؛ 'ئەمە باش و ئەرێنییە'

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە کوردی قسەی کرد و گوتی، "با بە دڵ پێکەوە بین، دەست لە نێو دەست بین، ئاشتی لە نێوانماندا بێت". ئەمە پەیامێکی ئاشتی بوو، بەڵام کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

تشرینی یەکە 19, 2025 - 08:48
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە کوردی قسەی کرد؛ 'ئەمە باش و ئەرێنییە'
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی، "زمانی دایک هێندەی شیری دایک حەڵاڵە." ئەم قسانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکرایەوە و کاردانەوەی ئەرێنی و نەرێنیی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
کورتوڵموش لە ئامەد پێشوازییەکی گەرمی لێکرا. ئاییوجە تورکەش تاش، پەرلەمانتاری ئیی پارتی لە ئێکسێکدا سەرۆکی پەرلەمانی بە پێشێلکردنی دەستوور تۆمەتبار کردووە و دەڵێت، پێویستە نوعمان کورتوڵموش دەست لە کار بکێشێتەوە.
 
سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئامەد، رایگەیاند: "بەرگەنەگرتن لە بەرامبەر زمانی دایک، بێڕێزییە و لە دژی پێکەوەژیانە".
 
نوعمان کورتوڵموش لەگەڵ هاوسەرۆکانی گەورەشارەوانیی ئامەد کۆبووەوە. دەم پارتی ئەو هەڵوێست و هەنگاوانەی سەرۆکی پەرلەمان بە ئەرێنی دەبینێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تێبینی و داواکاریی هەیە.
 
سەرهات ئەرەن، پەرلەمانتاری دەم پارتییە و باس لەوە دەکات، "بینیمان رستەیەک، هەڵبەستێک خوێندرایەوە، خۆ ئەمە باش و ئەرێنییە، بەڵام کاتێک ئێمە لە پەرلەمان دەمانەوێت بە کوردی قسە بکەین، قەدەخەیە. هەر بۆیە دەڵێین با کۆمیسیۆن ئەرکی خۆی بەجێبگەیەنێت. ئێستا گوێگرتن تەواوبوو، ئینجا کاتی دەرکردنی یاسایە".
 
بەگوێرەی مادەی سێیەمی دەستووری تورکیا، تورکی تاکەزمانی فەرمیی ئەو وڵاتەیە. ئەمە لەکاتێکدایە هەر بەگوێرەی مادەی 66، تەواوی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە تورکن. بۆیە کورد زیاتر چاوی لە نووسینەوە یان گۆڕانکاریی دەستوورە.
سەرچاوە: ڕووداو