لە کۆشکی سپییەوە بۆ کۆنگرێس؛ ترەمپ نەخشەڕێگەی چوار ساڵی داهاتووی ئاشکرا دەکات

بڕیارە بەرەبەیانی سبەی بەکاتی هەولێر، سەرۆکی ئەمریکا بچێتە کۆنگرێس و گوتارێک پێشکێش بکات، باسی سیاسەتەکانی نێوخۆ و دەرەوەی ئیدارەکەی و هەروەها ئەو کار و بڕیارانە دەکات، دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی.

ئازاری 5, 2025 - 02:26
لە کۆشکی سپییەوە بۆ کۆنگرێس؛ ترەمپ نەخشەڕێگەی چوار ساڵی داهاتووی ئاشکرا دەکات

چاوەڕێ دەکرێت، رۆژی چوارشەممە، 05ـی ئاداری 2023، کاژێر 05:00ـی بەیانی بەکاتی هەولێر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لەوەتەی بووەتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، بچێتە کۆنگرێس و بەئامادەبوونی ئەندامانی کۆنگرێسی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان، گوتارێک لەبارەی سیاسەتەکانی ئیدارەکەی پێشكێش بکات.

بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، چاوەڕێ دەکرێت لە گوتارەکەیدا، ترەمپ سەرنجی لەسەر چوار ساڵی داهاتوو بێت بەتایبەتی لە سیاسەتەکانی بەهێزکردنەوەی دۆخی ئابووریی ئەمریکا، تووندکردنی رێکارەکان بەرامبەر بە کۆچبەران و هەروەها سیاسەتی دەرەکی.

 ناونیشانی گوتارەکەی "نوێبوونەوەی خەونی ئەمریکا"یە. میدیاکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، گوتارەکەی ترەمپ وەکو هەڵسەنگاندنە بۆ یەکەم مانگی دەستبەکاربوونەوەی. هەروەها راگەیاندنی نەخشەڕێگەی ئیدارەکەی بۆ چوار ساڵی سەرۆکایەتی.

 چاوەڕێ دەکرێت کاتێک ترەمپ باس لە 43 رۆژی گەڕی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی بکات، باس لە هەوڵەکانی ئیدارەکەی و بەتایبەتی دامەزراندنی فەرمانگەی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ئیلۆن مەسکی دەوڵەمەنترین پیاوی جیهان بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و ژمارەی فەرمانبەرانی فیدراڵی ئەمریکا بکات.

 هەروەها باسی تووندکردنی رێکارە ئەمنییەکانی سەر سنوورەکانی ئەمریکا لەگەڵ مەکسیک و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران دەکات، لەگەڵ سەپاندنی پێناسی گومرگی لەسەر هەریەک لە وڵاتانی کەنەدا و مەکسیکی دراوسێیان و هەروەها چین.

 ئەمەش جگە لە باسکردنی هەوڵەکانی ئیدارەکەی بۆ راگرتنی دوو جەنگی خوێناوی لە جیهاندا، ئەوانیش جەنگی سێ ساڵەی نێوان ئۆکراینا و رووسیا و هەروەها جەنگی 15 مانگەی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.

سەرچاوە: ڕووداو