ژنە کوردێک لە یەکێک لە شارەوانییەکانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا

رۆژی یەکشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2025، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن بەڕێوەچوو کە زۆرترین دانیشتووانی لە ئەڵمانیا هەیە.

ايلول 14, 2025 - 23:57
ژنە کوردێک لە یەکێک لە شارەوانییەکانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا
بێریڤان ئایماز، کە لەسەر لیستی پارتی سەوزەکان بەربژێربوو، توانی لە شارەوانیی کۆڵن 27.43٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت. بەهۆی ئەوەی ناتوانێت 50+1 بباتەوە، دەچێتە خولی دووەم و ئەگەر زۆرینە بباتەوە، ئەوکات دەبێتە سەرۆکی شارەوانیی شارەکە.
 
نزیکەی 13.7 ملیۆن کەس لەو هەرێمەی ئەڵمانیادا مافی دەنگدانی هەبوو. هەر بەربژێرێکی سەرکەوتووش پێنج ساڵ لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە. 
 
بێریڤان ئایماز، ساڵی 1972 لە چەولیکی باکووری کوردستان لە خێزانێکی سیاسی لەدایکبووە، ساڵی 1978 چوونەتە ئەڵمانیا. ساڵی 2017 بووەتە پەرلەمانتاری هەرێمی نۆترینگس فالن و یەکەمین جێگری سەرۆکی پەرلەمانە لە هەرێمەکەدا کە پێشینەی کۆچبەری هەیە.
 
بێریڤان لەسەر لیستی پارتی سەوزەکان؛ جێگری سەرۆکی پەرلەمانە. 
 
بەگوێرەی راپرسییەک کە ناوەندی لێکۆڵینەوە و راپرسیی فۆرسا کردوویەتی، پارتی سەوزەکان یەکەم دەبن و رێژەی 23٪ـی دەنگەکان بەدەست دەهێنن.
 
بە گوێرەی ئەنجامی بەرایی کە میدیای ئەڵمانیا بڵاویکردووەتەوە، پارتی یەکێتیی کرسیتیان دیموکرات 34٪ـی دەنگەکانی بردەوە، ساڵی 2020، 34.3٪ـی دەنگەکانی بردبووەوە. هەروەها، پارتی سۆشیال دیموکرات 22.5٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا، هەڵبژاردنی رابردوو 24.3٪ـی دەنگەکانی بردبوو. 

سەرچاوە: ڕووداو