دلێر سابیر، بەربژێرێکی کوردە لە لیستەکە و خەڵکی باشووری کوردستانە. دلێر دامەزرێنەری کۆمەڵەی ئافاق و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. ئەو لە ساڵی 2004ـەوە ئەندامی ئەنجوومەنی ئینتیگراسیۆنە لە شاری مونستەر.
دلێر سابیر ئاماژە بەوە دەدات، "هەموو ئەو کەسانەی ئیقامە (مافی مانەوە) یان هەیە لە شاری مونستەر دەتوانن دەنگ بدەن، بێجگە لەو ئیقامانەی لە جۆری "دولدونگ"ن. هەروەها ئەوانەی وڵتینامەی ئەڵمانیایان هەیە سێ نەوەی یەک خێزان (واتە خۆت، باوکت و باپیریشت) ئەگەر ئەڵمانیش نەبن دەتوانن دەنگ بدەن."
رۆدی عەلی، رۆژنامەڤان و بەربژێری لیستی گڵۆباڵە و سەرقاڵی پەیوەندییە بۆ هەڵبژاردنەکان. ئەو خەڵکی شاری عەفرینە، دەیەوێت کار لەسەر ئەو خاڵانە بکات کە بۆ کۆچبەران گرنگن، وەکو رەگەزپەرستی و مافی ژنان. رۆدی بە رووداوی گوت، هێزی لیستەکەیان لە فرەڕەنگییەکەیدایە.
رۆدی عەلی، رۆژنامەڤان و بەربژێری لیستی گڵۆباڵ دەڵێت، "ئێمە وەک کورد 7 ئەنداممان لە لیستەکەدا هەیە، وەک کوردەکان ژمارەیەکی زۆرمان تێدایە لەو 31 کەسەدا. هەر کەسێک لە نەتەوەیەک هاتبێت، 24 نەتەوە دەبینیت لەسەر یەک مێز و لەگەڵ یەکدی قسە دەکەن، ئامانجمان یەکە و ئەوەیە پێکەوە کار بکەن و وەک هێزێکی بەهێز ببنە خاوەنی کاریگەری".
خانمە کارسازی کورد، ئەحلام ئیبراهیم، دەیەوێت بە ناوی خۆی و خێزانەکەیەوە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بدات.
ئەحلام ئیبراهیم دەڵێت، "دەمەوێ دەنگێکی کوردی تێدا بێت و پێی سەربڵند بین و سەرکەوتن بێت بۆ ئێمە، لانیکەم کورسییەکی کوردی تێدا بێت و هاوکاریی گەلەکەی خۆی بێت و کار بۆ کورد بکات."
لە شاری مونستەر 322 هەزار کەس دەژین، نزیکەی 60 هەزار کەس لە 105 وڵاتەوە مافی دەنگدانیان هەیە، لە رۆژی 14ی ئەیلوول دیاری دەکرێت کێ گۆڕانکاری لەنێو کۆمەڵگەی کۆچبەراندا دەکات.
لەو هەڵبژاردنەدا تەنیا ئەو کەسانە مافی دەنگدانیان هەیە کە پاشخانێکی کۆچبەرییان هەیە؛ ئامانج ئەوەیە کە کۆچبەران لەسەر ئاستی شارەوانی دەنگێکی سیاسییان هەبێت.
سەرچاوە: ڕووداو