لێکۆڵینەوەیەکی نوێ: رۆژووگرتن مێشک رێکدەخاتەوە

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، رۆژووگرتن سەرلەنوێ مێشک رێکدەخاتەوە و ئەو بەشانەی مێشک کە بەرپرسن لە ئارەزووی خواردن و ئالوودەبوون دەیانگۆڕێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر باری سرووشتی.

شوبات 28, 2025 - 13:53
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ: رۆژووگرتن مێشک رێکدەخاتەوە

لە هەمان کاتدا، ئەنجامی پشکنینی نموونەی پاشەڕۆ و خوێنی رۆژووگران دەریدەخات کە رۆژووگرتن وا دەکات بەکتریای ریخۆڵەکانیش بگۆڕێت، بەتایبەت ئەو جۆرانەی پێیان دەگوترێت کۆپرۆکۆکەس و ئییووبەکتریۆم. لێکۆڵینەوەکە لە گۆڤاری زانستیی Frontiers in Cellular and Infection Microbiology بڵاوکراوەتەوە.

 لێکۆڵینڤانەکان جەخت دەکەنەوە، ئەوانەی بە رۆژووگرتن بەشدارییان لە لێکۆڵینەوەکەدا کردووە، لە پاڵ ئەوەی هەر یەکیان بە تێکڕا 7.6 کیلۆگرام کێشی لەدەستداوە، گۆڕانکاری لە بەکتریای هەناو و بەشەکانی مێشکیشیاندا دروستبووە.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکە، ئەو گۆڕانکارییانە پەیوەندییان بە کەمبوونەوەی چالاکیی ئەو بەشەی مێشکەوە هەیە کە بەرپرسە لە کۆنترۆڵکردنی خواردن. لە کاتی رۆژووگرتندا، ژمارەیەک بەکتریای سوودبەخش لەنێو هەناودا چالاکتر دەبن و وادەکەن مێشکیش لە کۆنترۆڵکردنی ئارەزووی خواردن چالاکتر بێت.

لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، پەیوەندییەکی ئاڵۆز لە نێوان هەناو و مێشکدا هەیە، بە جۆرێک کە ئەگەر بە رۆژووگرتن بەکتریای هەناو بگۆڕێت، ئەوا شێوازی کارکردنی مێشکیش دەگۆڕێت، بەو پێیەش رەفتار و بڕیاردانی مرۆڤ سەبارەت بە خواردن دەگۆڕێت.

 رۆژووگرتن ژمارەیەک سوودی هەیە، لەوانە لەدەستدانی کێش، باشبوونی هەرس، بەهێزبوونی مێشک و تەمەندرێژی.

سەرچاوە: ڕووداو