کەپڵەکەی پێشووی کەپڵە تازەکەی لامین یامال مشتومڕ دەنێتەوە

کۆسکو، بلۆگەر و گۆرانیبێژی بەنێوبانگ، کە دەڵێت کەپڵی پێشووی نیکی نیکۆلی کەپڵەکەی ئێستای لامین یامالە، جارێکی دیکە مشتومڕ لەبارەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ خانمە گۆرانیبێژە ئەرجەنتینییەکە دەنێتەوە و ھێرشێکی زۆر تووندی دەکاتە سەر.

ايلول 14, 2025 - 15:37
کەپڵەکەی پێشووی کەپڵە تازەکەی لامین یامال مشتومڕ دەنێتەوە
کۆسکو، لە راستەوخۆیەکدا پرسیاری لێکرا دەربارەی نیکی نیکۆل و لامین یامال؟ بەڵام وەڵامەکەی ئەو بووە جێگەی مشتومڕ، کاتێک رایگەیاند کە پێشتر پەیوەندی لەگەڵ نیکی نیکۆ هەبووە و گوتی "پێشتر سەرسام بووم بە نیکی نیکۆل". ھەروەھا گوتیشی "نیکی نیکۆل پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای سوود و بازاڕکردن دامەزراندووە، نەک ھەست و سۆزێکی راستەقینە، بەتایبەتی لەگەڵ لامین یامال، کە نێوبانگێکی زۆری ھەیە".
 
سەرەڕای ئەم ھێرشانە، کۆسکو دووپاتیکردەوە "ھێشتا پشتیوانی لە سەرکەوتنەکانی دەکات، بەڵام کەمێک خۆشەویستی راستەقینە لە ھەموو ئەم بازاڕکردنە باشترە".
 
ھەر لەو پەخشە راستەوخۆیەدا کۆسکو گوتی "بەھیچ شێوەیەک نیکی نیکۆلم خۆش ناوێت، ھەستێکی نەرێنی لەناخمدا دروست دەکات".
 
نیکی نیکۆل، گۆرانیبێژی ئەرجەنتینی، لەم دواییانەدا رایگەیاندبوو کە "عاشقی لامین یامالە و زۆر دڵخۆشە لەگەڵیدا".
 
ھەروەھا لامین یامالیش پەیوەندییەکەی پشتڕاستکردەوە، کاتێک نیکۆ ویلیامزی ھاوڕێی یامال، لە ڤیدیۆیەکدا کە بڵاویکردەوە، وێنەیەکی یامال و نیکی نیکۆل دەرکەوت کە یەکدییان لەباوەش گرتبوو.
 
ھەندێک دەنگۆ ھەبوون دەربارەی جیابوونەوەیان، دوای ئەوەی لامین یامال وێنەکەیان سڕییەوە، بەڵام ئەم دەنگۆیانە کۆتاییان ھات کاتێک ھەردووکیان دووپاتیان کردەوە کە پەیوەندییەکەیان بەردەوامە.
 
دەنگۆکان دەربارەی لامین یامالی تەمەن 18 ساڵ و نیکی نیکۆلی تەمەن 25 ساڵ لە سەرەتای ئەم ھاوینەدا دەستیانپێکرد، کاتێک لە ئاھەنگی 18 ساڵەی یامالدا ئامادەبوو لە مانگی تەممووزی رابردوودا.
 
لامین و نیکۆل تاوەکو مانگی ئاب ئەم دەنگۆیانەیان پشتڕاست نەکردەوە، کاتێک یامال وێنەیەکی ھەردووکیانی بەبۆنەی 25 ساڵەی نیکۆل بڵاوکردەوە.
 
نیکۆل لەکاتی بەشداریکردنی لە پێشانگای Desigual دەربارەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ لامین گوتی "زۆر عاشقم و زۆر دڵخۆشم".
 
گوتیشی "زۆر دڵخۆشم، زۆر دڵخۆشم لە بارسێلۆنا، لەگەڵ خۆشەویستییەکی زۆر لەلایەن خەڵکەوە. حەزدەکەم سوپاسی ھەمووان بکەم".
 
نیکۆل ئاشکرایکرد کە یامال فێری زمانی کەتەلۆنی دەکات و گوتی "دەستەواژەی دڵخوازم بەم زمانە 'خۆشم دەوێیت'ـە".
 
لەکۆتایی لێدوانەکانیدا، خانمە گۆرانیبێژە ئەرجەنتینییەکە دووپاتیکردەوە کە "دڵخۆشی و دڵسۆزی و خۆشەویستی" نھێنی پەیوەندییە نزیکەکەی نێوان خۆی و یامالە.
سەرچاوە: ڕووداو