فلیک بەیەکجار 6 یاریزانی بارسێلۆنا دەرکرد
دوای ئەوەی بارسێلۆنا 28ـەمین نازناوی لالیگای بەدەستهێنا، هانزی فلیکی راهێنەر ئامادەکاری دەکات بۆ داڕشتنی پلانێک بۆ ئەوەی تیپەکە بباتە ئاستێکی بەرزتر لە وەرزی داهاتوودا و لەو پێناوەدا بڕیاری داوە 6 یاریزان بەیەکجار بەڕێبکات.

بەپێی دوایین هەواڵەکان، راهێنەری ئەڵمانی بەنیازە دەستبەرداری هەندێک یاریزان بێت کە پێیوایە لەگەڵ ستایل و شێوازی یاریکردنیدا ناگونجێن، هاوکات بە هێنانی چەند یاریزانێکی نوێ تیپەکە بەهێزتر دەکات.
فلیک هاوینی رابردوو پۆستی راهێنەری یانەی بارسیلۆنای وەرگرت و شوێنی چاڤی هێرناندێزی گرتەوە و لە یەکەم وەرزی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکەدا سێ نازناوی مێژوویی نێوخۆی بەدەستهێنا، کە دوایینیان بردنەوەی نازناوی لالیگا بوو. کارگێڕیی بارسێلۆنا بەهاوکاری فلیک هەوڵدەدات ئاستی نایابی تیپەکە بپارێزێت و درێژە بە باڵادەستی خۆی بدات، نەک تەنیا لە ناوخۆدا، بەڵکو لەسەر ائستی ئەورووپاشدا.
بەگوێرەی ماڵپەڕی sportskeeda، راهێنەری ئەڵمانی بیر لەوە دەکاتەوە گۆڕانکارییەکی گەورە لە پێکهاتەکەیدا بکات بە بەهێزکردنی هەندێک پێگە و دەستبەرداربوون لەو یاریزانانەی کە بەشێک نین لە پلانەکانی داهاتووی. بەگوێرەی رۆژنامەی ئیل ناسیۆناڵی ئیسپانی، فلیک لیستێکی بەناوی شەش یاریزانی پێشکەشی کارگێڕیی بارسا کردووە کە نایەوێت لە وەرزی 2025-2026 لەگەڵ بارسێلۆنا بەردەوام بن.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، فلیک لیستەکەی رادەستی دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە کردووە. لیستەکە بریتین لە: ئیناکی پێنا، هیکتۆر فۆرت، پابلۆ تۆرێ، پاو ڤیکتۆر، ئانسۆ فاتی و رۆناڵد ئاراوخۆ. سەبارەت بە ئیناکی پێنا و هیکتۆر فۆرت، هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە فلیک متمانەی بە تواناکانیان لەدەستداوە، سەرەڕای ئەوەی فۆرت کە دەرچووی لاماسیایە، لە زۆربەی یارییەکانی ئەم وەرزەدا بەشداری نەکردووە و لەسەر کورسی یەدەگ ماوەتەوە.
پەیوەندییەکانی پێنای گۆڵپارێزیش لەگەڵ فلیک تێکچووە، دوای ئەوەی پێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیدا بۆ بەرژەوەندی ڤۆیچیچ چێزنی لەدەستدا. پێنا دوای پێکانەکەی تێرشتیگن بەسەرەکی دەستیپێکرد، بەڵام لە سەرەتای ساڵی نوێدا پێگەکەی لە پێکهاتەی سەرەکیدا لەدەستدا. لەکاتێکدا پابلۆ تۆرێ و پاو ڤیکتۆر هەلی تەواویان بۆ بەشداریکردن بەدەستنەهێنا، کاتێکیش هەلەکەیان بۆ رەخسا، ئاستێکی ئەوتۆیان پێشکەش نەکرد کە راهێنەرەکە سەرسام و رازی بکەن.
ئانسۆ فاتی لە هاوینی رابردووەوە نزیکە جێهێشتنی یانەکە، ئەوەش دوای دابەزینی ئاستی یاریکردنی. ئەو لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا نزیک بوو لە پەیوەندیکردن بە یانەی ریال بێتیسەوە، بەڵام گرێبەستەکە بەئەنجام نەگەیشت. بەهۆی درەوشانەوەی رافینیای بەرازیلی و لامین یامال لەباڵەکان، پێناچێت ئانسۆ فاتی رێگەی خۆی بدۆزێتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ پێکهاتەی سەرەکی، لەکاتێکدا مووچەی ساڵانەی 12 ملیۆن یۆرۆیە.
لەکۆی شەش یاریزانەکە، رۆناڵد ئاراوخۆ زۆرترین دەرفەتی یاریکردنی پێدراوە لەم دواییانەدا، بەڵام هەڵە زۆرەکانی لە هێڵی بەرگری ناوەڕاستدا، داهاتووی لەگەڵ تیپەکەدا خستووەتە مەترسییەوە. راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە فلیک گڵۆپی سەوزی بۆ دیکۆ و خوان لاپۆرتا هەڵکردووە بۆ ئەوەی هەموو ئەو یاریزانانەی ناویان لە لیستەکەدایە بەڕێیان بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، هەواڵەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە فلیک دوای بردنەوەی نازناوی لالیگا بەرامبەر ئیسپانیۆل، دانوستاندنەکانی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا کۆتایی پێهێناوە، پێش دوایین یاریی کلاسیکۆش هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە یانە کەتەلۆنییەکە نزیکە لە رازیبوون بەمەرجەکانی درێژکردنەوەی گرێبەستی راهێنەرە ئەڵمانییەکە.
گرێبەستی ئێستای فلیک لەگەڵ بارسێلۆنا تاوەکو هاوینی 2026 بەردەوام دەبێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دەستکەوتە بەرچاوانەی لە وەرزی یەکەمدا بەدەستیهێناون، کارگێڕیی یانەکە بڕیاریداوە بە گرێبەستێکی نوێ خەڵاتی بکات.
سەرچاوە: ڕووداو