چەند سەرچاوەیەک: رۆژئاوای کوردستان و سووریا بۆ 5 ناوچەی ئەمنی دابەش دەکرێن
وەزارەتی ناوخۆی سووریا پەیکەری ئاسایشی وڵاتەکەی دادەڕێژێتەوە و رۆژئاوای کوردستان و سووریا بۆ 5 ناوچەی جوگرافیی سەرەکیی ئەمنی دابەش دەکات.

میدیای سووریا و میدیای سعودیە دەڵێن، چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا پێی راگەیاندوون کە وەزارەتەکە دەستی بە پەیکەرێکی رێکخستنی نوێ کردووە بە ئامانجی رێکخستنەوە و نوێکردنەوەی دەزگای ئاسایش و پۆلیس. وەکو سەرچاوەکان دەڵێن، "ئەم هەنگاوە دابەشکردنی وڵات بۆ پێنج ناوچەی جوگرافی سەرەکی لەخۆدەگرێت کە هەر ناوچەیەک لەلایەن یاریدەدەرێکی وەزیری ناوخۆوە سەرپەرشتی دەکرێت.
ئەمەش گۆڕانکارییەکە لە پێکهاتەی دامەزراوە ئەمنییەکان دوای رووخانی رژێمەکەی ئەسەد." بەگوێرەی سەرچاوەکان، دابەشکارییە پێشنیازکراوەکە گۆڕانکاری لە ناوەندییەتی دەسەڵاتدا ناکات کە لە دیمەشق دەمێنێتەوە، بەڵکو بە مەبەستی رێکخستنە و ئاسانکاریی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان. پێنج ناوچەکە بریتین لە ناوچەی رۆژهەڵات (حەسەکە، رەققە، دێرەزوور)، ناوچەی باکوور (حەلەب، ئیدلب)، ناوچەی کەناراوی (لازقیە، تەرتووس)، ناوچەی نێوەڕاست (حومس، حەما) و ناوچەی باشوور (دیمەشق، دەرعا، سوەیدا، قونەیترە).
وەک سەرچاوەکان دەڵێن، هەنگاوەکە دوای وردبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ لە پلانی وەزارەتی ناوخۆی هەندێک وڵاتی وەک سعودیە، قەتەر و تورکیا هاتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "وەک ئامادەکارییەکی فراوان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە، وەزیری ناوخۆ دەستی بە هەندێک هەنگاو کردووە، لەوانە دانانی عەبدولقادر تەحان بە یاریدەدەری وەزیر بۆ کاروباری ئاسایش، راسپاردنی شادی یوسف وەک یاریدەدەری وەزیر بۆ کاروباری پۆلیس و راسپاردنی زیاد عایش وەک یاریدەدەری وەزیر بۆ کاروباری شارستانی".
پلانەکە پەسند نەکراوە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن، لە قۆناخەکانی کۆتایی پێداچوونەوەدایە و لەوانەیە بەم زووانە پەسند بکرێت. بەگوێرەی سەرچاوەکان، پێشبینی دەکرێت بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی و پۆلیس ببێتە دامەزراوەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری، بەڵام لەژێر چاودێری تەواوی وەزارەتی ناوخۆدا دەمێنێتەوە؛ هەروەها گفتوگۆ لەسەر ئەگەری لکاندنی پۆلیسی سەربازی و ئاسایشی سەربازی بەو بەڕێوەبەرایەتییە نوێیەوە هەیە.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی نوێ دادەمەزێن، لەوانە بەڕێوەبەرایەیتی راوەدوونانی یاساشکێنەکان، بەڕێوەبەرایەتیی هێزی دەستوەردانی خێرا، کە ئەمەی دووەمیان ئەرکی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان و وەڵامدانەوەی دەستبەجێی رووداوەکانە.
ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سووریا، 16ی نیسانی 2025 رایگەیاند، وەزارەتەکەی کاردەکات لەسەر پەیکەری رێکخستنی خۆی بەجۆرێک لەگەڵ پێداویستی و ئەرکەکان بگونجێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پێکهاتەیەکی رێکخستن یارمەتیدەر بێت لە داڕشتنی پەیوەندییەکی روون لەنێوان دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەت.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، وەزارەت دەستی کردووە بە پەیوەندیکردن بە ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی پێشووەوە بۆ ئەوەی دەست بە خزمەت لەنێو هێزی پۆلیس، ئاسایش، هاتووچۆ و بەشەکانی دیکە بکەنەوە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ سوودوەرگرتن لە شارەزاییان و پڕکردنەوەی بۆشایی کەمیی کارمەند.
سەرچاوە: ڕووداو