هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو لە ریال مەدریدەوە
یانەی ریال مەدرید بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەی ئیسپانیا هاتووەتە سەرهێڵ و ترس دەخاتە دڵی یانەی ئارسیناڵەوە.

بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید گرنگییەکی راستەقینە بە گواستنەوەی مارتن زوبیمێندی دەدات و دەیەوێت ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی، دەستەی هونەری یانەی ریال مەدرید کار لەسەر هێڵی ناوەڕاستی یانەکە دەکەن و داوای ئەو یاریزانە دەکەن بۆ بەهێزکردنی هێڵەکە.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی نووسیوویەتی "نزیکەکانی زوبیمێندی دەڵێن، یاریزانەکە بە ریال مەدریدی گوتووە، قسەی کۆتایی بە یانەی ئارسیناڵ نەگوتووە و ئێستا کاتی ئەوەیە ریال مەدرید گفتوگۆ لەگەڵ ریال سۆسیداد بکەن." سەرچاوەکە دەڵێت "لەنێو یانەی ئارسیناڵدا ترسی ئەوە هەیە، هاتنە پێشەوە چاوەڕواننەکراوەکەی ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە، پەیوەندیکردنی زوبیمێندی بە یانەکەوە هەڵبوەشێنێتەوە و یاریزانەکە نەچێتە لەندەن."
هاتنە سەرهێڵی یانەی ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی زوبیمێندی لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا و ئینگلتەرا، چوونی ئەو یاریزانەیان بۆ یانەی ئارسیناڵ راگەیاندبوو و ئاماژەیان بەوەکردبوو کە گرێبەستەکە تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە. بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، لە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگدا کاری لەسەر گرێبەستێک کردووە و نیکۆ ویلیامز نییە، کەواتە دەکرێت مارتن زوبیمێندی بێت.
مارتن زوبیمێندی، تەمەنی 26 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال سۆسیداد لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت، نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 60 ملیۆن یۆرۆ.
رۆژنامەی مارکا نووسیوویەتی "دەکرێت گرێبەستی زوبیمێندی بۆ ریال مەدرید لە هەر کاتێکدا رووبدات و یاریزانەکە بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکات، بەڵام یاریزانەکە پێویستی بە پشووە بۆ ئەوەی بڕیاری دروست و کۆتایی بدات."
سەرچاوە: ڕووداو