رێکخراوێک: چەند جۆرێکی مەمەی وشکی منداڵان مادەی مەترسیداریان تێدایە، 'گەشە تێکدەدات'

توێژینەوەیەکی نوێ مەترسییەکی جیدی لەنێو مەمەی وشکی منداڵ دەردەخات و ئاشکرای دەکات، مادەیەکی مەترسیدار لەنێو مەمکەکانی بەنێوبانگترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی مەمەی وشکەدا هەیە کە گەشە تێکدەدات و منداڵ قەڵەو دەکات.

تشرینی یەکە 20, 2025 - 16:17
رێکخراوێک: چەند جۆرێکی مەمەی وشکی منداڵان مادەی مەترسیداریان تێدایە، 'گەشە تێکدەدات'
چەندین پشکنین لەلایەن رێکخراوێکی چیکی بە ناوی dTest کراون و ئاشکرای دەکەن، ئەو مەمە وشکانەی لەلایەن کۆمپانیاکانی (Dutchـی هۆڵەندی، Curaproxـی سویسری و Sophie la Girafeـی فەرەنسی) بەرهەمهێنراون مادەی بیسفینۆڵ Aـیان تێدایە.
 
ئەو رێکخراوە رایدەگەیێنێت، مەمەی منداڵ نابێت مادەی بیسفینۆڵ Aـی تێدا بێت، چونکە زیان بە تەندروستیی دەگەیێنێت، بەتایبەت منداڵانی ساوا.
 
توێژینەوەکە چۆن کرا؟
 
توێژەران 19 جۆری مەمکەیان لە فرۆشگەکانی کۆماری چیک، سلۆڤینیا و هەنگاریا کۆکردەوە و دوو مەمکەشیان لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە کڕی، مەمکەکانیان لەنێو ژینگەیەکی هاوشێوەی نێو دەمی منداڵ دانا بۆ ماوەی 30 خولەک، ئینجا پێوانەی رێژەی مادەی بیسفینۆڵ ئەی (BPA)ـیان کرد.
 
دەرکەوت، زۆرترین بڕی بیسفینۆڵ A لەنێو مەمکەی ئەو سێ کۆمپانیایە دۆزراونەتەوە، بەجۆرێک زیاتر بووە لە رێژەی ئاسایی کە 10 مایکرۆگرامە.
 
کۆمپانیا تۆمەتبارەکان چی دەڵێن؟
 
لەگەڵ ئەم پشکنینانە کۆمپانیای Curaproxـی سویسری راگەیاند: ئەنجامەکانمان پشتڕاستکردوونەتەوە و سەرمان سووڕماوە، بۆیە دەستبەجێ هەموو مەمکەکانمان لە بازاڕ دەکشێنینەوە و قەرەبووی زیانلێکەوتووانیش دەکەینەوە.
 
کۆمپانیاکانی Dutchـی هۆڵەندیش دڵنیایی دەداتە سەلامەتیی بەرهەمەکانیان و ئەگەر بەو شێوەیە بێت کە دەرکەوتووە، ئەوا سەرجەم بەرهەمەکانیان دەکشێننەوە.
 
رێژەی ئاسایی مادە مەترسیدارەکە چەندە؟
 
بەگوێرەی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی مادەی BPA، نابێت لە هەر لیترێکدا زیاتر لە 10 مایکرۆگرام هەبێت. جگە لەوەش لە ساڵی 2011دا یەکێتییەکە قەدەخەی ئەو مادەیەی لەنێو شووشە و پلاستیکەکانی مەمەی شیری منداڵ کرد.
 
زیانەکانی مادەی بیسفینۆڵ A
 
بەپێی مایۆکلینیک، زۆر بەرکەوتن بە مادەی بیسفینۆڵ A بەتایبەت بەرکەوتن بە منداڵی ساوا، چونکە هێشتا لە قۆناخی گەشەکردن و هەستیاردایە، دەشێت ببێتە هۆی؛
 
- ناڕێکیی مێشک.
- تێکچوونی کۆئەندامی زاوزێی نێرینە.
- گۆڕانکاری لە رەفتاری منداڵان، چونکە هۆڕمۆنی مێینە زیاد دەکات.
- بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
- زوو تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو.
- نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن (جەڵتە).
- قەڵەوی.
سەرچاوە: رووداو