جەعفەر ئیمینکی: لەسەر مووچە دەبوو هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن

بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، دەبوو لەسەر پرسی مووچە هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن. "ئەگەر تاوەکو هەڵبژاردن سوودانی هەڵوێستەکانی چاک نەکات دەبێت دوای هەڵبژاردنی حساباتی لەگەڵ بکرێت."

تشرینی یەکە 20, 2025 - 19:30
جەعفەر ئیمینکی: لەسەر مووچە دەبوو هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن
جەعفەر ئیمینکی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 12:00 کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکرد رایگەیاند، "بەدەستهێنانی یەک ملیۆن دەنگ بۆ پارتی ژمارەیەکی رەوایە، هەڵبژاردنەکانی رابردووش دەریان خستووە دەتوانێت ئەو دەنگە و زیاتریش بەدەست بهێنێت."
 
بە گوتەی بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاستی هەموو بازنەکان چالاکییەکانیان چڕکردووەتەوە و ژمارەیەک دەنگدەری خۆڵەمێشیان بە ئامانج گرتووە تاوەکو دەنگیان بەدەست بهێنن.
 
جەعفەر ئیمینکی رەتیکردەوە کار لەسەر دەنگدەرانی لایەنەکانی دیکە بکەن تاوەکو دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن، بەڵکو کار لەسەر دەنگی خۆڵەمێشی دەکەن.
 
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، 166 هەزار دەنگدەری نوێ لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، کە 45,764 کەسیان یەکەمجارە مافی دەنگدانیان دەبێت.
 
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئەو کەسانەی یەکەمجارە دەنگ دەدەن گوتی، "ئاماژەکان بە وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان بێت لەناو گەنجاندا ئەرێنین و دەرفەت لەناو گەنجانی سلێمانی زیاترە بۆ ئێمەی پارتی". 
 
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕیاریانداوە هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی ئارام بەڕێوەببەن، جەعفەر ئیمینکی پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەردوو حیزبەکەی بە "باش" وەسفکرد و گوتی، "دوێنێ تیمەکانی هەڵبژاردنیان پەیوەندییان کردووە لەبارەی بانگەشە و شێواندنی فلێکسەکانەوە نیگەرانیمان بە یەکتر داوە".
 
ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنراوە. بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یەکەم کەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی رایگەیاند، "یەکێتی رازی نییە بۆیە حکومەت پێکنەهێنراوە."
 
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوبارەیەوە باسی لەوەکرد، ئەو شێوازە خاڵێکی زیادە بە یەکێتی نادات بەڵکو دەنگدەر تووڕە دەکات و خاڵێکی نەرێنییە و "باجەکەی دەدەن." گوتیشی،" ئەگەر یەکێتی وا بیری کردبێتەوە پێکنەهێنانی حکومەتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێنێت هەڵەیەکی ستراتیژی کردووە". 
 
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بە "رێگر" لە بەردەم ئەنجامدانی پرۆژەکان لە سلێمانی وەسفکرد و گوتی،" ئەگەر خەڵکی سلێمانی دەنگ بە پارتی بدات لە هەولێر و زیاتریشی بۆ دەکەین". 
 
هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئامادە دەکات کە کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەکراون و هاونیشتمانییان چاوەڕوانی هاتنی مووچەی مانگی ئابن. جەعفەر ئیمینکی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەسەر ئەو پرسە دەبوو پارتی و یەکێتی و هەموو لایەنەکان بایکۆتی هەڵبژاردنیان بکردایە. گوتیشی، "هەڵوێستی سودانی لەسەر پرسی مووچە خراپ بووە، ئەگەر تاوەکو هەڵبژاردن چارەسەری نەکات، من پێم وایە دەبێت حساباتێکی قورسی لەگەڵ بکرێت". 
 
لایەنەکان کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان نەیانتوانی لیستی هاوبەش دروست بکەن، بەڵام زۆرینەیان خواستیان هەیە لە داهاتوو پێکەوە کار بکەن. بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیی حیزبەکەی بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنەکان دیکە نیشاندا. 
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتی و 9ـی دیکەیان کۆتان.
 
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ زیاتر لە 21 ملیۆن کەسیش کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان وەرگرتووە و دەتوانن دەنگ بدەن.