ترەمپ بۆنێکی نوێ بە ناوی 'سەرکەوتن' دەخاتە بازاڕەوە و رەخنەی لێدەگیرێت
دۆناڵد ترەمپ بۆنێکی بۆ ئەو لیستە زیادکردووە کە بەرهەمی بازرگانین و ناوی ئەویان لەسەرە، ئەمەش پرسیاری نوێی دروستکردووە سەبارەت بە بەکارهێنانی پێگەی سەرۆکایەتی بۆ فرۆشتنی ئەو بەرهەمانەی کە خۆی و خێزانەکەی دەوڵەمەند دەکەن.

ئەو ملیاردێرەی پێشووی خانووبەرەی نیویۆرک کە لە مانگی کانوونی دووەمدا بۆ دووەم خولی سەرۆکایەتی گەڕایەوە کۆشکی سپی، ئەم هەفتەیە رایگەیاند بۆنێکی نوێی پیاوانە و ژنانە بە براندی ترەمپ بۆ کڕین بەردەستن.
ترەمپ رۆژی دووشەممە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیەڵ نووسیویەتی، "بۆنەکانی ترەمپ لێرەن. ناویان Victory 45-47ـە". Victory بەمانای 'سەرکەوتن' دێت و ترەمپ لەوبارەیەوە نووسیویەتی، لەبەر ئەوە ئەو ناوەی لێناون، "چونکە هەمووی پەیوەستە بە بردنەوە، هێز و سەرکەوتنەوە."
ترەمپ کە کۆمارییە، لە ساڵی 2017 تاوەکو 2021 بووە 45ـەمین سەرۆکی ئەمریکا بە بردنەوەی لە هەڵبژاردنی 2024 وەکو 47ـەمین سەرۆکی وڵاتەکە گەڕایەوە کۆشکی سپی.
بۆنەکان لەنێو پاکەتێکی رەش خراونەتەڕوو. شوشەی بۆنەکانیش لە شێوەی پەیکەری بچووکی ترەمپدان.
کاردانەوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خێرا بوون و رەخنەگران سەرۆکیان بە گەندەڵی تۆمەتبار کرد. سیناتۆر مارک وۆرنەر، لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: "پێموانییە لە مێژووی ئەمریکادا کەسێکی وا هەبووبێت کە بەو ئاشکراییە دزی بکات، فێڵ بکات و بەرتیل بدات."
سیناتۆر پیتەر وێڵچ، دیموکرات لە ڤێرمۆنت، ئاماژەی بەوە کرد کە ترەمپ ریکلام بۆ بۆنەکانی دەکات لە کاتێکدا کۆمارییەکان هەوڵدەدەن لە پڕۆژەیاسای بودجەدا خزمەتگوزارییەکانی بیمەی تەندروستی بۆ ئەمریکییە کەمداهاتەکان کەمبکەنەوە.
وێڵچ لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: "دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی پیران شەڕ دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە سەرۆک ترەمپ بکەن لە بڕینی بیمەی تەندروستیی 17 ملیۆن کەس، کەچی ئەو ریکلام بۆ بۆنەکانی دەکات." سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە کە بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی خستووەتە ژێر دەستی سندوقێکی ئەمیندارێتییەوە کە لەلایەن منداڵەکانییەوە بەڕێوەدەبرێت.
ترەمپ داهاتی لە گرێبەستی مۆڵەتپێدان، پڕۆژەی کریپتۆ، یانەکانی گۆڵف و چەندین سەرچاوەی دیکەوە دەستدەکەوێت. هەروەها پێشتریش پێڵاوی وەرزشیی زێڕین و "ئینجیلی خوا ئەمریکا بپارێزێت"ی فرۆشتووە.
سەرچاوە: ڕووداو