کەیت وێنسڵێت دەبێتە دەرهێنەر

کەیت وێنسڵێت، ئەکتەری بەریتانی، روو لە کاری دەرهێنان دەکات و یەکەم فیلمی لەم بوارە بەنای "Goodbye Jun"ـە.

شوبات 18, 2025 - 10:34
کەیت وێنسڵێت دەبێتە دەرهێنەر

فیلمەکە درامایەکی خێزانیی هاوچەرخە، رووداوەکانی لە ئینگلتەڕا روودەدەن و باس لە ژمارەیەک خوشک و برا دەکات کە دوای دوورکەوتنەوەیان، دووبارە بە یەک شادەبنەوە و هەوڵی ئەوە دەدەن پەیوەندیی خێزانیان بەهێز بکەن. جگە لە کاری دەرهێنان، وێنسڵێت، رۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا دەگێڕێت و یەکێک لە بەرهەمهێنەرانیەتی. فیلمەکە لەلایەن نێتفلێکس بەرهەم دەهێندرێت و بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا لە بەریتانیا وێنەگرتنی دەستپێبکات. کەیت وێنسڵێت، لە 1975 لە بەریتانیا لەدایکبووە، لەرێگەی فیلمی سینەمایی "تایتانیک"ـەوە ناوبانگی پەیداکرد و بووە ناوێکی درەوشاوە لە سینەمای هۆلیوود و جیهاندا. تاوەکو ئێستا لە چەندین فیلمی سینەماییدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی. وێنسڵێت، توانی ریکۆردی بچووکترین ئەکتەر تۆمار بکات کە پێنج جار بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەربژێر بکرێت و جگە لە فیلم، لە چەندین زنجیرەی تەلەڤزیۆنیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و وەک گۆرانیبێژێک چەند بەرهەمێکی بڵاوکردووەتەوە.

سەرچاوە: ڕووداو