زۆهران مەمدانی؛ 'بەربژێری چاوەڕواننەکراو'
زۆهران مەمدانی گەنجێکی تەمەن 34 ساڵە، کە تاوەکو پێش سەرکەوتنە شۆکهێنەرەکەی لە هەڵبژاردنی سەرەتایی دیموکراتەکان لە مانگی حوزەیرانی رابردوو، کەسایەتییەکی کەم ناسراو بوو لە دەرەوەی بازنە سیاسییە چالاکەکان. ئەو سەرکەوتنە لەناکاوە، زۆهرانی کردە بەربژێرێکی بەهێز و سەرەکی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی شارەوانیی یەکێک لە گەورەترین شارەکانی جیهان.
مەمدانی، خۆی وەکو سۆسیالیستێکی دیموکرات دەناسێنێت و لە خێزانێکی خانەدانی ئەکادیمی لە ئۆگەندا لە دایک و باوکێکی بە رەچەڵەک هیندی لەدایکبووە. لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە لە ئەمریکا نیشتەجێ بووە و لە ساڵی 2018 بە فەرمی رەگەزنامەی ئەمریکیی وەرگرتووە. ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، دەبێتە یەکەمین سەرۆکی شارەوانیی موسڵمان لە مێژووی شاری نیویۆرکدا.
زۆهران مەمدانی، پشتیوانی و جەماوەرێکی بەهێزی لەنێو دەنگدەری گەنجان، خوێندکاران و کۆمەڵگەی کۆچبەراندا هەیە. ئەمەش بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی زیرەکانە کە تیشکی خستبووە سەر کێشە راستەقینەکانی خەڵک، بەتایبەتی بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووی ژیان لە شارەکەدا کە زیاتر لە 8.5 ملیۆن کەسی تێدا نیشتەجێیە.
لە چوارچێوەی بەڵێنەکانیدا، مەمدانی، ئاماژەی بە سەپاندنی کۆنترۆڵی زیاتر بەسەر کرێی خانوودا کردووە، هەروەها دابینکردنی دایەنگەی بەخۆڕایی بۆ منداڵان، پاسی بەخۆڕایی بۆ هاتووچۆی گشتی و کردنەوەی فرۆشگەی خۆراکی حکومی لەو گەڕەکانەی کە دەستیان بە خۆراکی تەندروست ناگات.
ئەو بەربژێرەی دیموکراتەکان، رووبەڕووی توانجی تووندی دۆناڵد ترەمپ بووەتەوە، کە بە "کۆمیونیستێکی بچووک" ناوی بردووە، بەڵام ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی یاسادانانی ویلایەتی نیویۆرک رەخنەکانی رەتکردووەتەوە و بە هەوڵێک بۆ ترساندنی دەنگدەران وەسفی کردووە.
مەمدانی پشتیوانێکی دێرینی دۆزی فەلەستینە، بەڵام لە مانگەکانی رابردوودا بە ئاشکرا دژایەتیی خۆی بۆ هەموو جۆرەکانی دژە جووبوون راگەیاندووە. پێش چوونە نێو جیهانی سیاسەت، مەمدانی ئەزموونێکی کورتی لە بواری مۆسیقای راپدا هەبووە و بە ناوی خوازراوی "Young Cardamom" گۆرانیی گووتوە.
ئەندرو کومۆ، کاربەدەستی پێشوو
ئەندرو، حاکمی پێشووی ویلایەتی نیویۆرک، بە هیوای گەڕانەوەیەکی سیاسیی گەورەیە لەدوای ئەو زنجیرە تۆمەتانەی دەستدرێژیی سێکسی کە لە ساڵی 2021 ناچاری کرد دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە.
ئەو دیموکراتە تەمەن 67 ساڵە، کە ئێستا وەکو بەربژێرێکی سەربەخۆ خۆی بەربژێر کردووە، هەڵمەتێکی میانڕەوانەی بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی بەڕێوەبردووە و تێیدا پشت بە دەیان ساڵ ئەزموونی خۆی لە کاری سیاسی و حکومیدا دەبەستێت، کە ماوەیەک وەکو داواکاری گشتیی نیویۆرک و کارکردن لە ئیدارەی بیڵ کلینتن دەگرێتەوە.
ئەندرو کومۆ، گرنگییەکی زۆری بە پرسی سەلامەتیی گشتی داوە و بەڵێنی دامەزراندنی 5,000 ئەفسەری پۆلیسی نوێی بۆ بەهێزکردنی پۆلیسی نیویۆرک داوە. هەروەها، پێشنیازی بەرنامەیەکی فراوانی بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ کردووە بۆ دانیشتووانی ئاستە جیاوازەکانی داهات، بچووککردنەوەی پۆلەکانی خوێندن و دابینکردنی دەستڕاگەیشتنی زیاتر بە چاودێریی تەندروستیی هەرزان.
نیویۆرکییەکان هێشتا ماوەی 10 ساڵەی حوکمڕانییەکەی کومۆیان وەکو حاکم لەبیرە، کە قۆناخی سەختی پەتای کۆڤید 19ی گرتەوە. لەو ماوەیەدا سەرەتا ستایشی زۆر کرا، بەڵام دواتر رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە بەهۆی شاردنەوە و کەم پیشاندانی ژمارەی راستەقینەی گیانلەدەستدانەکان لە خانەی بەساڵاچووانی ویلایەتەکەدا. کومۆ، بۆ ماوەیەک هاوژینی Kerry Kennedy بوو، کە ئەندامێکی بنەماڵە سیاسییە بەناوبانگەکەی ئەمریکایە.
کورتیس سلیوا، کەسی دەرەوەی بازنەکە
کورتیس سلیوا، وەکو بەربژێرێکی کۆماری کە لە شارێکی گەورەی ئاشکرا زۆرینە دیموکراتدا خۆی بەربژێر دەکات، بە کردەوە هیچ چانسێکی نییە بۆ بردنەوەی کورسیی سەرۆکایەتیی شارەوانی، بەڵام ئەو پیاوە تەمەن 71 ساڵە، هێشتا دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت و دەنگەکان بەلای مەمدانی یان مومۆدا بشکێنێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکەی لەسەر رێژەیەکی بچووک، بەڵام گرنگی دەنگدەران، بەتایبەتی ئەوانەی نیگەرانن لە پرسی تاوان.
سلیوا، کە رۆژێک لە رۆژان بەڕێوەبەری شەوانەی چێشتخانەیەکی ماکدۆناڵدز بوو لە ناوچەی برۆنکس، ناوبانگی بەهۆی دامەزراندنی گرووپی پاتڕۆڵی خۆبەخشی میترۆی "Guardian Angels" لە ساڵی 1979 دەرکرد، کە تاوەکو ئێستاش وای لێدەکات بەردەوام کڵاوێکی سووری تایبەت لەسەر بکات.
ئەو بەربژێرە کۆمارییە لە ساڵی 2021 خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی بەربژێر کرد، بەڵام بە جیاوازییەکی زۆر بە ئیریک ئادەمزی سەرۆکی شارەوانیی ئێستا دۆڕا. سەرەڕای ئەوەی بەربژێری کۆمارییەکانە، سلیوا، رەتیکردووەتەوە ملکەچی تەواوی دۆناڵد ترەمپ بێت و دژایەتیی خۆی بۆ بەشێک لە رێکارە تووندەکانی سەرۆکی ئەمریکا دژی کۆچبەران راگەیاندووە.
ئەمساڵ هەڵمەتەکەی جەختی کردووەتەوە لەسەر تێچووی ژیان، هەڵوەشاندنەوەی بیرۆکراسی، سەلامەتیی زیاتر لە شوێنە گشتییەکاندا، هەروەها پشتیوانیکردن لە بێلانەکان و تەنانەت خۆشگوزەرانیی ئاژەڵان.
میدیای ئەمریکیش ئاماژە بەوە دەکات، سلیوا لە ماڵەکەیدا 16 پشیلە بەخێو دەکات.
سەرچاوە:ڕووداو