فینلەند دەیەوێت رێوشوێنەکانی وەرگرتنی وڵاتینامە قورستر بکات
لە زۆر وڵاتی ئەورووپا ساڵەهایە بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە پێویستە کەسی داواکار تاقیکردنەوەیەک بکات؛ تاوەکو لەو تاقیکردنەوەیە دەرنەچێت، پاسپۆرتی وڵاتەکە وەرناگرێت.

یەکێک لە بەشەکانی تاقیکردنەوەکە تایبەتە بە فێربوونی زمانی ئەو وڵاتەی وڵاتینامەکەی تێدا داوا دەکرێت. تاوەکو ئێستا پێناچێت فینلەند ئەمەی بە پێویست زانیبێت، بەڵام لەمەودوا دەیکات؛ بۆیە وەزارەتی نێوخۆی فینلەند خەریکی ئامادەکردن و لێکۆڵینەوەن لەوەی چۆن تاقیکردنەوەی وەرگرتنی وڵاتینامە لە سیستم و یاسای فینلەندیدا بگونجێنن.
وەزارەتی نێوخۆی فینلەند رایگەیاندووە، ئامانجی ئەو تاقیکردنەوەیە ئەوە دەبێت کە کەسی داواکار بیسەلمێنێت خۆی لە کۆمەڵگەی فینلەندیدا گونجاندووە و ئامادەیە بۆ بازاڕی کار و شایانی ئەوەیە وڵاتینامە وەربگرێت.
جگە لە زمان، ئەگەری هەیە ئەوەش لە تاقیکردنەوەکەدا هەبێت کە کەسی داواکار بیسەلمێنێت توانیویەتی بە کار سەرچاوەیەکی داهاتی وای هەبێت کە بتوانێت پێی بژی.
بەپێی یاساکانی فینلەند، کەسێک 8 ساڵ بە شێوەی یاسایی لەو وڵاتە بژی، مافی داواکردنی وڵاتینامەی دەبێت. لە زۆر وڵاتانی ئەورووپا دوای 5 ساڵ کەسی کۆچبەر ئەو مافەی هەیە.
سەرچاوە: ڕووداو