هۆشدارییەک لەبارەی خۆراکە ئامادەکراوەکان؛ ''دەبنەهۆی مردنی پێشوەختە''
توێژینەوەیەکی هاوبەش لە نێوان پسپۆڕانی بەرازیل و مەکسیک ئاشکرای دەکات، رۆژانە خواردنی قەپێک لە خۆراکە خێراکان، ئەگەری مردن پێش 75 ساڵی، بە رێژەی 3٪ زیاد دەکات.

ئەو توێژینەوەیە لەنێوان پسپۆڕانی زانکۆی ساوپاولۆی بەڕازیل و ناوەندی توێژینەوەی تەندروستی و خۆراک لە مەکسیک لەسەر 240 هەزار کەس کرا و دەرکەوت، لەگەڵ زۆرخواردنی خۆراکە خێراکان؛ ئەگەری مردنی پێشوەختە زیاد دەکات.
کارلۆس ئۆگستۆ، نووسەرێکی توێژینەوەکەیە و دەڵێت: ''زۆرخواردنی خۆراکە خێراکان ئەگەری تووشبوون بە مردنی پێشوەختە زیاد دەکات، چونکە ئەگەری تووشبوونی کەسەکە بە نەخۆشییە درێژخایەن و کوژەرەکان زیاد دەکات و کواڵیتیی ژیانی تێکدەدات''.
بەپێی گۆڤاری ئەمریکیی پێشگیریی پزیشکی، لەکۆی هەشت مردنی پێشوەختە، یەکێکیان بەهۆی زۆرخواردنی خۆراکە ئامادەکراوەکانەوەیە.
بەپێی کۆمەڵەی خۆراکی ئەورووپی، خۆراکە ئامادەکراوەکان زۆرجار بەهۆی تام، چێژ و ئاسانکاری لە ئامادەکردنیان سەرنجڕاکێشن و خواستی زۆریان لەسەرە، تەنانەت خوێ، شەکر، چەوری، مادەی پارێزەر و رەنگی دەستکردیشیان تێدەکرێت بۆ ئەوەی تامێکی خۆش و شێوەیەکی سەرنجڕاکێشیان هەبێت، ئەمانەش مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک، نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دووەم و شێرپەنجە زیاد دەکەن.
سەرچاوە: ڕووداو