ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، هەوڵیدا ئەندامانی کۆنگرێس رازی بکات کە سزاکانی سەر وڵاتەکەی بە یەکجاری هەڵبگیرێن. لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا، چاوی بە چەندین ئەندامی کۆنگرێس کەوت.
یەکێک لەو ئەندامانە، کۆنگرێسمان مارلین ستوتزمان بوو، کە ئەندامێکی کۆمارییەکانە. ستوتزمان پێیوایە ئەمریکا نابێت کورد و دۆستەکانی دیکەی لە سووریا لەبیربکات و پێویستە پشتگیری لە سیستمی فیدراڵی بۆ کورد لە سووریا بکرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی کاتیی سووریادا، نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە مافی کورد و کەمایەتییەکانی دیکەی سووریا پێگەیاندووە.
مارلین ستوتزمان، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لەبارەی کوردەوە دەڵێت، "کورد بۆ ماوەیەکی زۆرە هاوپەیمانی ئەمریکان، ئەوان دۆستی ئێمەن، هەروەها دروزەکانیش لە باشووری سووریا دۆستی ئێمەن. ئێمە لەگەڵ دروزەکانی ئیسرائیلیش دۆستین. بۆیە گرنگە سەرۆک شەرع، دان بە خەباتی کورد و دروزەکاندا بنێت کە بۆ ئەو وڵاتە کردوویانە. من لەگەڵ ئەوەدام پێویستە جۆرێک لە سیستمی فیدراڵی لە سووریا هەبێت، کە کورد بتوانن بەڕێوەبەرایەتیی ویلایەت یانیش هەرێمی خۆیان بکەن، بەڵام هەر بەشێک بن لە سووریا و لەژێر ئاڵای سووریادا بن. سیستمی فیدراڵی لێرەش لە ئەمریکا زۆر بەباشی کاری کردووە."
بۆچوونی ستوتزمان لەناو کۆنگرێسدا تەنیا نییە. بەشێکی زۆری ئەندامانی دیکەش هاوڕان لەسەر نیگەرانییەکان سەبارەت بە پێکهاتەکانی سووریا و بە هەستیارییەوە چاودێریی رەفتارەکانی حکومەتی ئێستای سووریا دەکەن. ئەوان پێیانوایە حکومەتی نوێی سووریا هێشتا لە تاقیکردنەوەی ئەمریکادا دەرنەچووە و لابردنی سزاکان دەبێت بەشێوەی مەرجدار بێت.
فرێنچ هیڵ، کۆنگرێسمان و سەرۆکی لیژنەی دارایی لە کۆنگرێس و هاوسەرۆکی گرووپی دۆستانی ئەمریکا – سووریایە، داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ دیمەشقدا، هەمیشە مافی کورد و کەمایەتییەکانی دیکەی لەبەرچاو بێت و جەخت دەکاتەوە کە سووریا دەبێت وڵاتی هەموو پێکهاتەکان بێت.
فرێنچ هیڵ دەڵێت، "من بە هەستیارییەوە گەشبینم بەرامبەر بە سووریا، هیوادارم، سەرۆک ترەمپ بەردەوام ئەوەی لەبیربێت کە پێویستە کەمایەتییە ئاینییەکان لەو وڵاتە پارێزراو بن، لەهەمان کاتدا، دڵنیابێت لە وڵاتێکی فرەڕەنگ، پڕۆسەیەکی کراوە لەبەرچاودەگیرێت بەتایبەتیش پێگەی کورد لە لە رۆژهەڵاتی فوڕاتەوە، هەروەها هەموو گرووپەکانی دیکە لە سووریا بەیەکەوە بتوانن حکومەتێکی هاوپەیمانی پێکبهێنن کە تێیدا بەرپرسیارییەتی هاوبەشیان هەبێت بۆ ئاسایشی خەڵکی سووریا، رێگەبدەن خەڵکی سووریا بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان لە گوندەکان، لە هەمانکاتیشدا هاوسەنگی بکەن لەگەڵ راستی پێویستی هەبوونی وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی کە گومان لەوەدانییە ئەمریکا رۆڵێکی گرنگی دەبێت لەو چوارچێوەیەدا."
سەردانی سەرۆکی کاتیی سووریا بۆ کۆشکی سپی وەک یەکەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، لە کاتێکدایە کۆشکی سپی پشتگیریی خۆی بۆ داهاتوویەکی باشتر لە سووریا دووپاتکردووەتەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا چاوەڕوانیی زۆریشی لە حکومەتی نوێی سووریا هەیە، بەتایبەتی لە پرسی کەمایەتییەکاندا.
سەرچاوە: رووداو