رۆژی پێنجشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2025، باراک، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، سەردانەکەی شەرع بە "وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە" لە مێژووی هاوچەرخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گۆڕانکاریی بەرچاوی سووریا "لە گۆشەگیرییەوە بۆ هاوبەشی" ناوبرد.
هەروەک تۆماس باراک ئاماژەی پێدەکات، ترەمپ و شەرع لە کۆبوونەوەکەیاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە "کاتی ئەوە هاتووە نامۆبوون بە پەیوەندیی تووندوتۆڵ بگۆڕدرێت و دەرفەتێکی راستەقینە بە سووریا و گەلەکەی بدرێت بۆ نوێبوونەوە."
لە کۆبوونەوەکەدا کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا؛ مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ئامادەبوون. شەرع بەڵێنی داوە سووریا بچێتە پاڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و ببێتە "هاوبەشێکی دژەتیرۆر."
باراک لەوبارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات، دیمەشق لەمەودوا یارمەتیدەر دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی "پاشماوەکانی داعش، سوپای پاسداران، حەماس، حیزبوڵڵا و تۆڕە تیرۆریستییەکانی دیکە."
نێردەی ئەمریکا ئەوەیشی خستووەتەڕوو، دوای کۆبوونەوەی ترەمپ و شەرع، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان مارکۆ رووبیۆ، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەسعەد شەیبانی بەڕێوەچووە و تێیدا نەخشەی قۆناخی داهاتووی چوارچێوەی ئەمریکا-تورکیا-سووریا کێشراوە، کە تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەنێو پێکهاتەی نوێی ئابووری، بەرگری و مەدەنیی سووریا لەخۆدەگرێت.
باراک، رۆڵی تورکیای لەم پرۆسەیەدا بەرز نرخاندووە و دەڵێت، "بەڵگەیەکە لەسەر ئەو دیپلۆماسییەتە هێمن و نەگۆڕەی کە پرد لەو شوێنانە دروستدەکات، کە پێشتر دیواری لێ بوون."
نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا بۆ سووریا لە کۆتاییدا دەڵێت، "رێگەیەکی دوورمان بڕیوە، بەڵام ئێستا پێویستمان بە پاڵپشتییەکی کۆتایی بەهێزە بۆ توانادارکردنی حکومەتی نوێی سووریا تاوەکو بزوێنەری ئابووریی خۆی بخاتەوە کار."
دوای سەردانەکەی شەرع بۆ واشنتن، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سامانی بیانیی (OFAC) سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ ماوەی 180 رۆژ، سەرجەم ئەو سزایانە هەڵدەپەسێرێت، کە بەپێی یاسای پاراستنی سڤیلی سووریا بۆ ساڵی 2019، ناسراو بە "یاسای قەیسەر"، بەسەر حکومەتی سووریادا سەپێندرابوون.
هەرچەندە سزای گشتگیر هەڵگیراوە و یاسای قەیسەر بۆ ماوەی 180 رۆژ هەڵپەسێردراوە، بەڵام هەندێک کۆتوبەندی سەرەکی ماونەتەوە.
سەرچاوە:رووداو