گوتەبێژی ئاکپارتی: پێشبینی دەکەین لە ماوەی چەند رۆژێکدا پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە
گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی دەڵێ، پێشبینی دەکەن لە ماوەی چەند رۆژێکدا پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

عومەر چەلیک ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 5ـی ئایاری 2025، دوای کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبردن و بڕیاری ئاکپارتی کە بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
چەلیک لەبارەی پرۆسەی نوێی چارەسەری لە تورکیا و پرسی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە گوتی: "پێشبینی دەکەین پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی تیرۆریستی و دانانی چەک لە ماوەی چەند رۆژێکدا ببێتە کۆنکرێتی".
گوتەبێژی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەدا، دوای خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدادانانی پەکەکە، قۆناخەکانی دیکەی پرۆسەکە دەستپێدەکەن. عومەر چەلیک ئاماژەی بە بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆی تورکیا کرد و رایگەیاند، زلهێزە ئیمپریالیستەکان دەستکاری دۆخەکە دەکەن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان لە ناوچەکەدا، بەڵام تورکیا هەوڵەکانیان پووچەڵ دەکاتەوە بە ئامانجی "تورکیایەکی بێ تیرۆر". چەلیک، هێمای بۆ ئەوە کرد، ئامانجی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" سیاسەتی کۆماری تورکیایە.
پرۆسەی ئاشتیی ئەمجارە لە رۆژی 1-10-2024ـــەوە بە تەوقەکردنی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دەم پارتی لە پەرلەمان دەستیپێکرد. دواتر دیدارەکانی ئیمراڵی و پارت و لایەنە سیاسییەکان بووە هەنگاوی درێژەپێدەری پرۆسەکە.
ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ن کە بەگوێرەی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەبێت کۆنگرە ببەستن، چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە.
هاوکات چاوەکان لەسەر هەنگاوی کردەیی ئەنقەرەن لەمبارەیەوە.
سەرچاوە: ڕووداو