مەسعود پزیشکیان: هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نادەین

سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: ''بەهیچ شێوەیەک بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە نین''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی پیشەسازی، دەرمان و کشتوکاڵ، لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بەردەوام دەبن.

حوزەیری 12, 2025 - 09:21
مەسعود پزیشکیان: هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نادەین

شەوی چوارشەممە 11-06-2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەراوێزی سەردانەکەی بۆ پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن، هەروەها بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: ''هەندێک قسە قبووڵ ناکەین؛ هیچ کات بەو شێوەیە نییە کە لێکۆڵینەوە ئەتۆمییەکانمان رابگرین و دواتر بۆ بەکارهێنانی وزەی ئەتۆم بۆ پیشەسازی، پزیشکی و کشتوکاڵ، چاوەڕوانی رێگەپێدانی ئەوان بین.''

تاوەکو ئێستا پێنج گەڕی دانوستاندن لەنێوان واشنتن و تاران بەڕێوەچوون و داوای سەرەکیی ئەمریکا لە ئێران راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمە.

مەسعود پزیشکیان گوتی: ''کێ گوتوویەتی ئێمە مافی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زانستیمان نییە. ئەوان مافیان نییە بە ئێمە بڵێن چالاکیی ئەتۆمیی خۆمان بە تەواوی رابگرین.''

 ئەمریکا لە ئەگەری سنووردارنەکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بەردەوام هەڕەشەی بۆردوومان لە وڵاتەکە دەکات.

سەرۆککۆماری ئێران گوتی: ''هیچ کات سەر دانانەوێنین، بەڵام رێبەرمان جەختی لەوە کردووەتەوە کە بۆمبی ئەتۆمی دروست ناکەین و ئەمە سیاسەتی یەکلاییکەرەوەی ئێمەیە.''

 پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد کە ''ئەوان [ئەمریکا] بە ئێمە دەڵێن زانستی ئەتۆمیتان نەبێت، دواتر ئەگەر قسەیەک بکەین ئیسرائیل بۆردوومانمان دەکات. بە شکۆ و سەربەرزییەوە دانوستاندن دەکەین. داخوازیی ئێمە پاراستنی مافی یاسایی، زانستی و نێودەوڵەتیمان. لەوە زیاتر هیچ شتێکی دیکەمان ناوێت.''

بڕیارنامەیەکی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپیی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە نوێترین پێشهاتەکانن کە دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پێشکێشی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کراوە و بڕیارە ئەمشەو یان سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەدا بخرێتە دەنگدانەوە. خاڵی سەرەکیی بڕیارنامەکە گەڕاندنەوەی سزا قورسەکانە بۆ سەر ئێران، ئەویش بەهۆی ''پابەندنەبوون بە هاوئاهەنگیی تەواو'' لەگەڵ ئاژانسەکە.

هاوکات کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی لە کاردانەوەی بڕیارنامەکەدا گوتی: "ئەگەر بڕیارنامەی وڵاتانی رۆژئاوا دژی ئێران لە ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسند بکرێت، ئێران یەکسەر بڕیاری پێویست دەخاتە واری جێبەجێکردنەوە".

 کازم غەریب ئابادی گوتی، ئەگەر هەیە بڕیارنامەکە دژی ئێران پەسند بکرێت و ئەو کاتە ''دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بڕیاری خۆی داوە و دوابەدوای پەسندکردنی بڕیارنامەکە، هەنگاوی تەکنیکی بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی خۆمان دەنێین."

وڵاتانی رۆژئاوایی، بەتایبەتی ئەمریکا، لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نیگەرانن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بەردەوام لە ئەگەری سنووردارنەکردنی پرۆگرامەکە، هەڕەشەی بۆردوومانکردن لە ئێران دەکات.

 دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، متمانەی بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی کەمتر بووەتەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بە رووداوی گوت، لەسەر بنچینەی دوایین هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی ناوچەکە، بڕیاریان داوە قەبارەی نێردەکەیان لە عێراق کەم بکەنەوە.

سەرچاوە: ڕووداو