هێزی دەریایی بەریتانیا هۆشداری لە زیادبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات

هێزی دەریایی بەریتانیا دەڵێت، بەهۆی ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رەنگە کاریگەری لەسەر هاتووچۆی دەریایی لە ناوچەکە دروست بێ، بەتایبەتی لە گەرووی هورمز.

حوزەیری 12, 2025 - 09:25
هێزی دەریایی بەریتانیا هۆشداری لە زیادبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات

رۆژی چوارشەممە، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) لە ئاگادارینامەیەکدا هۆشداری دا کە رەنگە ئەگەری زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا ببێتەهۆی زیادبوونی جموجووڵ و گرژی سەربازی لە نێو سنووری ئاویی ناوچەکە و ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هاتووچۆی نێو سنوورە ئاوییەکان دەبێ.

ئەو دەستەیە ئاماژەی بەوەش کردووە: "داوا دەکەین کەشتییەکان بە وریاییەوە بە کەنداوی عەرەبی، کەنداوی عومان و گەرووی هورمزدا تێپەڕن."

 دەستەکە وەک نێوەندگیرێ لەنێوان هێزی دەریایی و کەشتیوانیی بازرگانیدا کار دەکات، بەڵام هۆشدارییەکەی رۆژی چوارشەممە، جۆری ئاڵۆزییە چاوەڕوانکراوەکانی لە ناوچەکە باس نەکردووە. مانگی رابردوو، ئەو دەستەیە هۆشدارییەکی سەبارەت بە دەستوەردانی ئەلیکترۆنی لە دەوروبەری گەرووی هورمز دەرکرد؛ ئەو رێڕەوە ئاوییەی نزیکەی 26٪ـی بازرگانیی نەوتی جیهان لێوە دەکرێ.

ئەو هۆشدارییە لەکاتێکدایە، ئەمریکا و ئێران لە خۆئامادەکردندان بۆ بەڕێوەچوونی شەشەمین گەڕی گفتوگۆکانیان تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام هەڕەشەی ئەوەی کردووە لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن، رەنگە بژاردەی سەربازیی بگرێتەبەر.

سەرچاوە: ڕووداو