ترەمپ: دەکرێت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مەترسیدار بێت و هێزەکانمان ئاگادار کردوونەتەوە بکشێنەوە 24 خولەک له‌مه‌وپێش

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دەکرێت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "مەترسیدار" بێت و دەڵێت، لەبەر ئەو هۆکارە کارمەندان و سەربازەکانیان ئاگەدار کردوونەتەوە بکشێنەوە.

حوزەیری 12, 2025 - 09:31
ترەمپ: دەکرێت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مەترسیدار بێت و هێزەکانمان ئاگادار کردوونەتەوە بکشێنەوە 24 خولەک له‌مه‌وپێش

رۆژی چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن لەبارەی کشاندنەوەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کرد. ترەمپ لەوبارەیەوە گوتی، "ئەوان [کارمەند و سەربازەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست] دەکشێندرێنەوە، چونکە دەکرێت ئەوێ شوێنێکی مەترسیدار بێت و دەبینین چی روودەدات، بەڵام ئاگادارمان کردوونەتەوە بکشێنەوە."

پێش گوتەکانی ترەمپ، بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندبوو، بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە، ژمارەی کارمەندانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە عێراق کەمدەکرێتەوە، هاوکات راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کارمەندەکان لە کوێت و بەحرەینیش گواستراونەتەوە.

 ترەمپ هەروەها جەختیشی کردەوە، کە "رێگە نادات" ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەمەش لەکاتێکدایە گومانەکان لەبارەی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تاران زیاتر بوون.

 لە بەرامبەردا، ئێران رۆژی چوارشەممە هەڕەشەی کرد، کە ئەگەر شەڕ هەڵبگیرسێت، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج. سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دەڵێت: "ناتوانن ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئێمە رێگە بەوە نادەین."

 تاران و واشنتن لە مانگی نیسانەوە پێنج گەڕی دانوستانیان ئەنجامداوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەتۆمیی نوێ، لە جێگەی رێککەوتنی ساڵی 2015 کە ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە.

 بڕیارە هەردوولا رۆژی شەممە جارێکی دیکە کۆببنەوە. ترەمپ تاوەکو ماوەیەکی کورت پێش ئێستا گەشبینیی خۆی بە دانوستانەکان دەردەبڕی، بەڵام لە چاوپێکەوتنێکدا کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند متمانەی بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران کەمبووەتەوە.

 لەدوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لە مانگی کانوونی دووەمدا، ترەمپ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ـی لە دژی تاران زیندووکردووەتەوە و پشتیوانی لە دیپلۆماسییەتی ئەتۆمی دەکات، بەڵام هۆشداری لە ئەگەری کردەی سەربازی داوە ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن.

چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، گوشاری خستووەتە سەر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بۆئەوەی هێرش نەکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و دەرفەتێک بە دانوستاندنەکان بدات، بەڵام ئاماژەکانی ئەوەی نیشانداوە، کە خەریکە ئارامیی لەدەستدەدات.

رۆژی چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران گوتی: "هەندێک بەرپرس لە لایەنی بەرامبەر هەڕەشەی شەڕ دەکەن، ئەگەر دانوستاندنەکان ئەنجامیان نەبێت. ئەگەر شەڕێکمان بەسەردا بسەپێنرێت، دەستمان بە هەموو بنکەکانی ئەمریکا دەگات و بوێرانە لە وڵاتانی میواندار دەیانکەینە ئامانج."

 ئەمریکا چەندین بنکەی سەربازی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە و گەورەترینیان لە قەتەرە. لە کانوونی دووەمی 2020، ئێران لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران، چەندین مووشەکی ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق کرد کە هێزەکانی ئەمریکای تێدابوون.

هاوکات لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان، دەزگای ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) کە لەلایەن هێزی دەریایی بەریتانیاوە بەڕێوەدەبرێت، ئامۆژگاریی کەشتییەکانی کرد کە بەوریاییەوە بە کەنداودا تێپەڕ بن. ‎

مەرجی ئەمریکا بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران، نەبوونی چەکی ئەتۆمی و توانای پیتاندنی یۆرانیۆمە. بەرپرسانی تارانیش رەتیدەکەنەوە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببن.

سەرچاوە: ڕووداو