کۆماری ئیسلامی ئێران لەو شەڕەی ناوخۆی دۆڕاوە !

محمد خۆشناو
هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسرائیل بۆسەر بنکە ئەتۆمی و ناوەندی موشەکە بالیستیەکان و سەربازی و ڕادارات و فڕۆکەخانەکانی ئێران بۆ زۆرێک لە چاودێران لەناکاو بوو ، چونکە بڕیاردرابوو کە دوو ڕۆژی دادێ واتە ڕۆژی یەکشەمەی 2025/6/15 کۆبوونەوەی دانوساندن لەنێوان شاندی ئەمەریکا و ئێران ئەنجام بدرێت و ، ئەوەش ڕاگەیەنرا کە هەمان ڕۆژ کوڕە بچوکەکەی نتنیاهۆ-ی سەرەک وەزیرانی ئیسرائیل ئاهەنگی ژن مارەکردن دەگێڕێت ، « ماقولیش نیە ئاهەنگی مارەکردن لەناو جەنگ بکرێت ! » ئەمە جۆرێکە لە فریودانی ستراتیژی « الخداع الاستراتیجی » ، ئێران فریودرا ، بەڵام ئەوەی زۆر جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە دەرچوو ئێران وڵاتێکە دزەیپێکراوە « الاختراق » کراوە لەڕووی ئەمنی و هەواڵگری لە ناوەوە و ، فڕۆکەکانی ئیسرائیل بە ئازادانە بەسەر ئاسمانی ئێران-دا دێن و دەچن و بۆردومان دەکەن و ، هەروەها ئیسرائیل زۆر بە سانایی ژمارەیەک لە گەورە سەرکردەی سەبازی و زانای دیاری ئەتۆمی بکوژێت کە پێشتریش زانای تری ئێرانی کوشت ، ئەو کوشتنانەی کە ڕوویاندا وەکو گەمەکانی زیرەکی دەستکرد دێنەبەرچاو ، وادیارە ئێران ئاشکرایە و ، ئەوەی لەبیرچوو کە دوای لەناوبردنی هێڵی یەکەم کە حزب الله بوو کە ئەویش و بزووتەوەکانی تری مقاوەمە ئیختراقکرابوون و ، سەبری ستراتیژی ئێران یان خۆلادان لە چوونەناو ڕاستەوخۆی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل بووە ڕابردوو و ئەو سەرکردە سەربازیانەی ئێران کە داوای سەبری سترایژیشیان دەکرد کوژران و ، باڵ و ملیشیاکانیشی لە دەرەوە گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی کە خۆیان لەو جەنگە تێوەنەگلێنن چونکە ئەوانیش جگەلەوەی ئیختراقکراون بەشداریان لەو جەنگە بە کارێکی بێهودە و عەبەسی دەزانن ، دزەپێکردنی ئەمنی بۆتە شتێکی دووبارە کە بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی ئێرانی و نا ئێرانی بوونەتە قوربانی ، پڕۆسەی کوشتنی بەرپرسانی باڵای ئێران بۆتە کارێکی ووردبین و ئاسان ، نموونە کوشتنی ئیسماعیل هەنیئەی سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لەناو خاکی ئێران ، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە خاکی ئێران سەلامەت نیە هەتا بۆ هاوپەیمانەکانیشی ، وادیارە کە دوژمنی یەکەمی ئێران لەناوخۆیدایە و ئەو شەڕەی لەناوخۆ نەک لە دەرەوە دۆڕاندووە ، کە ئەمەش متمانە لەنێوان نیزامەکە و دەزگا و باڵە سەربازیەکانی لە دەرەوە تووشی داخوران کردووە ، ڕووداوەکانی ئێران ئەوە دەسەلمێنێت کە تائێستا ئیسرائیل دەستێکی درێژی هەوڵگری هەیە ، ئیسرائیل کە بۆتە تاکە ئیمڕاتۆری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەیەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی لە چەک داماڵدراو ببینێت و ، دەتوانین ئەوە بڵێن کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەکو خۆی نامینێت و جەنگ بووە واقیع لەنێوان هێزی گەورە بە چەک و تەکنۆلۆژیا و پێداگریی ئایین کە سەرکەوتن بە هێزی خوداوەند زامنکراوە ، ئیسرائیل وای دەبینێت کە ئەو جەنگەی لەگەڵ ئێران ئەلقەیەکە لە ئەلقەکانی گۆڕانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە : ئایا هێزی ئاشتی و گەشەپێدان و بونیاتنان لەنێو ناوچەیەک کەوا گڕدەگرێت چی دەکات ؟! ئێستا حساباتەکان وورد و مێژوویین و ئەوەی تێدانیە کە بگەڕێتەوە دواوە و ، لەبەرژەوەندی ئێران و هەموو ناوچەکەش ئەوەیە کە ئەو جەنگە ڕاوەستێت و ، ئەمە پێویستی بە بڕیارێکی ستراتیژی وەک ئەو بڕیارەی ئیمام خومەینی هەیە کە جەنگی لەگەڵ عێراق ڕاگرت و ئەمەی وەک خواردنەوەی گڵاسە ژەهر دانا .