دۆناڵد ترەمپ: بەمزووانە ئاشتیمان دەبێت لەنێوان ئیسرائیل و ئێران
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئیسرائیل و ئێران بەم زووانە ئاشتییان دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات ئێستا زۆر هەوڵی کۆبوونەوە و گفتوگۆ بۆ کۆتاییهێنانی بە شەڕی نێوانیان دەدرێ.

رۆژی یەکشەممە، 15ی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ ترووس رایگەیاند: "پێویستە ئێران و ئیسرائیل رێکبکەون و رێکیش دەکەون، هەروەک چۆن وام لە هیندستان و پاکستان کرد رێککەوتن بکەن، لە رێگەی بەکارهێنانی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا و پەنابردنەبەر ژیری و یەکگرتوویی و هۆشیاری بۆ نێو گفتوگۆکان لەگەڵ دوو سەرکردەی نایاب کە توانییان بەخێرایی بڕیار بدەن و شەڕ رابگرن."
ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت: "بەم زووانە ئاشتیمان لەنێوان ئیسرائیل و ئێران دەبێت. ئێستا چەندین پەیوەندی و کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێن. من زۆر کار دەکەم، و هەرگیزیش ستایش ناکرێم، بەڵام کێشە نییە، خەڵکەکە تێدەگەن."
ئیدارەی ترەمپ لە مانگی نیسانەوە لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆدایە تایبەت بە گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و دوای پێنج گەڕ لە دانوستاندن، بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە گەڕی شەشەم لە عومان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، ئەو گەڕە دواخرا و ئێران بڕیاریدا بەشداری نەکات.
دەقی پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ:
ئێران و ئیسرائیل دەبێت رێککەوتنێک بکەن و رێککەوتنیش دەکەن، هەروەک چۆن من وام لە هیندستان و پاکستان کرد رێککەوتن بکەن، لەو دۆخەدا بە بەکارهێنانی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا بۆ هێنانی لۆژیک، یەکڕیزی و ژیری بۆ نێو گفتوگۆکان لەگەڵ دوو سەرکردەی نایاب کە توانییان بەخێرایی بڕیار بدەن و بوەستن! هەروەها، لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیی مندا، سربیا و کۆسۆڤۆ ناکۆکییەکی تووندیان هەبوو، وەک چۆن بۆ دەیان ساڵ بوو وابوون، و ئەو ململانێ درێژخایەنە خەریک بوو ببێتە جەنگ. من رامگرت (بایدن بە چەند بڕیارێکی زۆر گەمژانە زیانی بە دەرفەتە درێژخایەنەکان گەیاند، بەڵام من چاکی دەکەمەوە، دیسانەوە!). دۆخێکی دیکە میسر و ئەسیوپیایە و شەڕەکەیانە لەسەر بەنداوێکی زەبەلاح کە کاریگەریی لەسەر رووباری نیلی مەزن هەیە. ئاشتی هەیە، لانیکەم بۆ ئێستا، بەهۆی دەستوەردانی منەوە و بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە! بە هەمان شێوە، بەمزووانە ئاشتیمان دەبێت لەنێوان ئیسرائیل و ئێران! ئێستا چەندین پەیوەندی و کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێن. من زۆر کار دەکەم و هەرگیز دەستخۆشیم لێناکرێ بۆ هیچ شتێک وەرناگرم، بەڵام ئاساییە، خەڵک تێدەگات. با رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە مەزن بکەینەوە.
سەرچاوە: ڕووداو