د. فوئاد حوسێن: دوای رێککەوتنی نەوت کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت

د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە نیویۆرکەوە بە رووداوی راگەیاند، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی نەوت 230 هەزار بەرمیلە. 50 هەزاری بۆ بەکاربردنی ناوخۆیە، ئەوەی دیکە بۆ هەناردەکردن رادەستی سۆمۆ دەکرێت. دەشڵێت، کێشەی مووچەش چارەسەر بووە.

ايلول 23, 2025 - 09:47
د. فوئاد حوسێن: دوای رێککەوتنی نەوت کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت
رۆژی دووشەممە رێککەوتنی سێقۆڵیی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و عێراق لەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت واژۆکرا. 
 
د. فوئاد حوسێن لەوبارەیەوە لە هەڤپەیڤینێکدا بە نامۆ عەبدوڵڵا پەیامنێری رووداوی لە واشنتن گوت، پرسی داهاتی نانەوتیش چارەسەر دەبێت.
 
گفتوگۆ لەگەڵ د. فوئاد حوسێن لە چوارچێوەی بەشداریکردنیەتی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کە رووداو رووماڵی تایبەتی دەکات. 
 
دەقی قسەکانی د. فوئاد حوسێن:
 
د. فوئاد حوسێن: ئەمە رێککەوتنێکی گرنگە، ئاسان نەبوو، کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستانن، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم گفتوگۆی دوور و درێژیان کرد، هەردوو حکومەت گەیشتنە رێککەوتن لەسەر ئەو پرسە، بەڵام کێشەیەک روویدا، چونکە کۆمپانیاکان داوای رێککەوتنێکی سێ قۆڵییان کرد، لە دەرئەنجامدا گەیشتنە رێککەوتن و واژۆیان کرد.
 
رووداو: چی ئومێدێک هەیە ئەم رێککەوتنە جیاواز بێت لە رێککەوتنەکانی پێشوو؟
 
د. فوئاد حوسێن: رێککەوتنی لەم شێوەیە نەبووە و جیاوازە، رێککەوتنەکە زۆر جیاوازە، ئەمە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا و هەر دوو حکومەتە لەگەڵ کۆمپانیاکان، بابەتی داهاتە نانەوتییەکانیش هەیە و پێم وابێت چارەسەر بووە.
 
رووداو: کەواتە دەتوانین بڵێین کێشەی مووچە چارەسەر بووە؟
 
د. فوئاد حوسێن: ئەوانەی بوون بە بنەمای کێشە بۆ ناردنی مووچە چارەسەر بوون، ئەمەش واتای ئەوەیە کێشەی مووچەش چارەسەر بووە.