بەشێکی پارەی گەنم گەیشتە هەرێمی کوردستان

بەشێکی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و کرایە چەک. بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای سلێمانی دەڵێ، دابەشکردنەکە دەکەوێتە هەفتەی داهاتووەوە.

ايلول 22, 2025 - 16:48
بەشێکی پارەی گەنم گەیشتە هەرێمی کوردستان
زیاتر لە دوو مانگ بەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت و تاوەکو ئەمڕۆ جووتیاران هیچ بڕە پارەیەکیان وەرنەگرتووە، کە دەبوو حکومەتی عێراق بۆیان بنێرێت.
 
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "57 ملیار دینار بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە نێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان".
 
بە گوتەی نەسرین ئەحمەد، پارەکە کراوە بە چەک و 25 ملیاری بۆ پارێزگای سلێمانی کە هەڵەبجەشی لەنێودایە، 20 ملیاری بۆ پارێزگای هەولێرە و 12 ملیاریشی بۆ پارێزگای دهۆک.
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی کە سەرپەرشتی سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەکات گوتی: "رێکارەکانی خەرجیکردنی چەکەکان دەستیپێکردووە و بە ئەگەری زۆرەوە دابەشکردنی بەسەر جووتیاراندا دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو".
 
وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 10ـی حوزەیران دەستیپێکرد و 20ـی تەممووز دوایین رۆژ بوو.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ تۆنێک وەرگرت، کە بەهاکەی نزیکەی 340 ملیار دینارە.
 
پشکی گەنمی وەرگیراوی پارێزگاکانی سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە 158 هەزار تۆن بوو، هەروەها پشکی گەنمی وەرگیراو لە پارێزگای هەولێر 122 هەزار و تۆن و دهۆکیش نزیکەی 118 هەزار تۆن بوو.
 
پاریش حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، بەڵام ئەمساڵ رێژەکەی کەم کردەوە و بە هەمان نرخ وەریگرت.
 
سەرچاوە:ڕووداو